هەڵبژاردنی تورکیا کۆتایی بە سەردەمی ئەردۆغان و ئاکەپە دێنێ

ئه‌م نوسینه‌ شڕۆڤه‌یه‌کى دیار غه‌ریب، ئه‌ندامى کۆنسه‌ى سه‌رۆکایه‌تى کۆما جڤاکى کوردستان-که‌جه‌که‌یه‌، له‌سه‌ر بارودۆخى دوایی تورکیا و هه‌ڵبژاردنه‌کان و ڕۆڵى باشورى کوردستان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سیاسه‌تى شه‌ڕخوازیی ئه‌ردۆغان...


دەقی شڕۆڤەکە: 

 

بەپێی یاسای تورکیا پێویست بوو لە مانگی 11ی 2019 دا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئەنجام بدرێت، بەڵام بە بڕیارێکی کوتوپڕ و لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیادا، لە نیوەی دووەمی مانگی نیساندا بڕیاریاندا کە لە 24ی حوزەیرانی ٢٠١٨ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدەن. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە هەتا ئەو ڕۆژەی بڕیاریاندا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئاکەپە جەختی لەوە دەکردەوە ئەوان لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن و پێشی ناخەن. هاوکات ئاکەپە ئەوەی بە دەسکەوت دەزانی کە لە سەردەمی دەسەڵاتداری ئەودا هەموو هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیاندا ئەنجام دراون و پەنایان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە نەبردووە.

کاتێک کە بڕیاریشیاندا هەڵبژاردن پێش بخەن ئەوەندە پێشیان خست کە بەلای زۆر کەس، لایەن و ناوەندی تورکیایی و جیهانیەوە جێگەی سەرسوڕمان بوو، هەر بۆ ئەوە ناویان نا هەڵبژاردنی باسقن (بەواتای هێرشی بەرفراوان و لەناکاو دێت بۆ سەر دوژمن). کە ئەوەش بە واتای تانەدان لەو بڕیارە بوو. هاوکات ئەوە بە واتای ئەوەبوو کە ئەردۆغان بە شێوەیەکی دیموکراتی هەڵبژاردن ئەنجام نادات و دەخوازێت لایەنەکانی بەرامبەری خافڵگیر بکات و لە کاتێکدا ئەوان خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە نەکردووە بە سەریاندا سەربکەوێت.

شتی سەرنجڕاکێشتر ئەوەبوو کە هاوکاتی ئەوەی بڕیاری هەڵبژاردنی لەناکاو درا، پەرلەمانی تورکیا بڕیاریدا ڕەوشی ئاوارتە بۆ ماوەی سێ مانگی تر واتە هەتا 20ی تەموزی 2019 درێژ کردەوە. ئەوەش بە واتای ئەوە دێت کە هەڵبژاردنی تورکیا لەناو بارودۆخێکی نائاساییدا بەڕێوە دەبەن. ئەوەش ئەوەندەی تر هەڵبژاردنەکەی تورکیای خستە ژێر پرسیارەوە.

لە لایەکی ترەوە هەر کەسێک ئەوەی بینی کە ئەردۆغان چۆن لەڕێگەی سەرۆک ئەرکانی سوپا و وتەبێژی سەرۆک کۆمارەوە هەڕەشەی لە عەبدوڵڵا گول کرد بۆ ئەوەی خۆی نەپاڵێوێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و زۆر هەوڵیدا بۆ ئەوەی کە کەسێتی دیار و بەتوانا نەبنە ڕکابەری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا. بێجگە لەوەش لە ڕێگەی پەرلەمان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەوە گەلێک یاساو بڕیاری نوێی دەرکرد بۆ ئەوەی بتوانێت تای تەرازووی هەڵبژاردنەکان بە لای خۆیدا بشکێنێتەوە. یەکێک لەو بڕیارانەش گواستنەوەی سندوقەکانی دەنگدان بوو لەو گوند و ناوچانەی کە دەنگی ڕکابەرەکانی ئاکەپە تێیدا زۆرینەن بۆ ئەو گوند و ناوچانەی کە دەنگی ئاکەپەو هاوپەیمانەکانی زۆرینەن، ئەمەش لەژێر ناوی پاراستنی ئاسایشی سندوقەکانی دەنگداندا دەکەن. هەر لەو چوارچێوەیەدا بڕیاریانداوە بە هەزاران سندوقی دەنگدان لەناوچە کوردیەکان و زۆر جێگەی تری تورکیا بگوازنەوە.    

سەرەڕای ئەو هەموو هەنگاوە نادیموکراتیانەیە، هاوکات ئەو پەلەقاژەیەی کە ئەردۆغان و ئاکەپە دەیکەن، کەچی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان خەمی ئاییندەی تورکیا دەخۆن و ئەوان ئەو هەنگاوانە لە پێناوی تورکیا و پاراستنی سیستمی دیموکراتی تورکیا دەنێن، نەک بۆ پاراستنی خۆیان.

ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە ئەوەیە کە هەتا ئێستا ئەو ڕاپرسیانەی لە باکوری کوردستان و تورکیا ئەنجام دەدرێت ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەردۆغان ناتوانێت لە قۆناخی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، واتە ناتوانێت ڕێژەی (1+50%) بەدەستبهێنێت و دەنگەکانی لەنێوان (40% هەتا 45%)ە. هاوکات هاوپەیمانی (ئاکەپەو مەهەپە) ناتوانێت زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت. ئەوەش پۆستەکەی ئەردۆغان و دەسەڵاتی پارتەکەی دەخاتە مەترسیەوە. چونکە ئەگەری ئەوە هەیە لە قۆناخی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا لایەنەکانی بەرامبەری ئەردۆغان هاوپەیمانیەکی بەرفراوان دروست بکەن پاڵپشتی ئەو کاندیدە بکەن بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، کە لەو قۆناخەدا ڕووبەڕووی ئەردۆغان دەبێتەوە و ئەوەش شانسی سەرکەوتنی ئەردۆغان زۆر کەم دەکاتەوەو دەرفەتی سەرکەوتنی ڕکابەرەکەی دروست دەکات. خۆ ئەگەر ئەردۆغان بەهۆی بەکارهێنانی هەموو دەرفەتەکانی دەوڵەتەوە بتوانێت لەو قۆناخەدا سەکەوتنیش بەدەست بهێنێت، ئەوا ڕووبەڕووی پەرلەمانێک دەبێتەوە کە ئاکەپە کەمینەیە تێیدا، ئەمەش بارودۆخێکە ئاکەپە دوای نزیکەی شازدە ساڵ بۆ دووەم جارە ڕووبەڕووی دەبێتەوەو هاوشێوەی پێڤاژۆی هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانی 2015. ئەوەش ئاکەپە دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئایا دەست لە تاکڕەوی و خۆ سەپاندن بەردەدات یان هاوشێوەی 2015 بیانویەک دەدۆزێتەوە بۆ هەڵوبشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن؟!

 لە هەردوو حاڵەتەکەدا کۆتایی بە سەردەمی تاکڕەویی ئاکەپە دێت. چونکە شیمانەی زیاتر ئەوەیە کە گەلی کورد و دیموکراتخوازانی گەلانی تورکیا کارتی سوور بەڕووی ئەردۆغاندا بەرز بکەنەوە و ئەردۆغان لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیا وەدەربنێن و بەو شێوەیە هەڵبژاردن ئەنجامگیر ببێت. لە حاڵەتێکدا کە ئەردۆغانیش بەزۆر بخوازێت خۆی بسەپێنێت، ئەوا بێگومان تورکیا ڕووبەڕووی قۆناخێکی دژوار دەکاتەوە، بێگومان شەقامی کوردستان ئەوە پەسند ناکات، شیمانەش ناکرێت کە ئیتر شەقامی تورکیاش ئەوە پەسند بکات. چونکە ئەردۆغان هەموو دونیای کردووە بە دوژمنی تورکیا و تورکیاشی رووبەڕووی شەڕێکی ماڵ وێرانکەر کردۆتەوە. ئەوەش وای کردووە ڕۆژ بە ڕۆژ ئابووری تورکیا بەرەو داتەپین دەچێت.

ئەردۆغان تەنیا کارت کە دەخوازێت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بەکاری بهێنێت، شەڕە لە بەرامبەر کورد، ئەوەش بەناوی شەڕ لە دژی پەکەکەوە بەڕێوە دەبات. هێرشەکانی بۆ سەر عەفرین ئامادەکار بوو بۆ ئەو هەنگاوە و لە ئێستاشدا هێرشەکانی بۆ سەر خواکورک و باشووری کوردستان بەو ئامانجە بەڕێوە دەبات. شانبەشانی ئەوەش دەخوازێت سوود لەو ئاڵۆزیانە وەربگرێت کە لە کاتی هەڵبژارندنەکانی پەرلەمانی عێراقدا دروست بوون و هێشتا چارەسەر نەبوون. هەربۆیە دەبێت گەلەکەمان و لایەنە سیاسیەکان لە باشووری کوردستان ڕێگە نەدەن ئەردۆغان زەمینەی باشوور بۆ خۆی بەکاربهێنێت و لە باشووریشدا بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەردۆغان و سیاسەتەکانی ببینەوە. دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین سەرکەوتنی ئەردۆغان لەم قۆناخەدا، بەواتای ئەوەیە کە دەسکەوتەکانی گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان و ئەو پەراوێزانەی بۆ دیموکراتی و مافی گەلان دروست بوون دەکەونە مەترسیەوە. بە پێچەوانەوە بنکەوتنی ئەردۆغان دەرفەتێکی تر بۆ گەلی کورد و دیموکراتخوازانی ناوچەکە دروست دەکات. 

لام وایە گەلەکەمان لە باشوریش گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی لەم بوارەدا ڕۆڵی خۆی ببینێت، هەر بۆیە دەڵێم با هەموومان پێکەوە کار بۆ قۆناخی دوای ئەردۆغان بکەین.

ک.ک