ڕەوشەنی: ئێران کۆمەڵگا بە شێوەی شۆک دەرمانی بەڕێوە دەبات

ڕزگار ڕەوشەنی، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ڕێکخستنەکانی پژاک لە ئەوروپا، لە شرۆڤەیەکدا کە بۆ ڕۆژنیوز-ی ناردووە، سەرنج دەخاتەسەر دۆخی ئەمڕۆی ئیران و سیستمی سیاسیی و ئابوری و قەیرانەکان، ئەمەی خوارەوە دەقی شرۆڤەکەیە:


سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هاوڕاکردنی بیرە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و توێژەکانی خەڵک لەپێناو سیاسەتەکانی خۆی، کێشە کۆمەڵایەتییەکان، کارەساتە سروشتییەکان و قەیرانە ئابورییەکان وەک دەرفەتێک بۆ لێدانی شۆک لە ناوک و جەستەی کۆمەڵگا بەکار دێنێت.

ئەگەر کارەساتێکی سروشتی وەک؛ لافاو، ڕەشەبا و بوومەلەرزە ڕووبدات، کاریگەری لەسەر ژیانی ئاسایی خەڵک دادەنێت و شۆکێکی دەرۆنی خێرا لەسەر هەستی تاک و کۆمەڵگا دروست دەکات، لەم دۆخەدا، دەسەڵات بەدوای چارەسەرکردنی کێشەکانەوە ناڕوات، بە پێچەوانەوە ئەوەی پێشتر نەیتوانیوە لە دۆخێکی ئاسایی بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت لەم دۆخەدا بە دروستکردنی مەودا و بۆشایی قووڵتری کۆمەڵایەتی و دەروونی دەخاتە مێشکی خەڵکەوە، دوای قۆناغی مختاجکردن "موحتاجکردن"، دێتە ساحەکە و لە ڕێگەی ڕێکخراوە سەربازیی یان بانگەشەکارانی بازاری ئازاد، پێداویستییە ڕۆژانەکانی خەڵک کاتێک دەگەینێتە دەستیان کە مل بۆ داواکارییەکانی دەوڵەت و دەسەڵات کەج بکەن، هەوڵدەدات ئەو شتانەی کە تاک و کۆمەڵگا بەرلە کارەسات بە شێوازی ڕادیکاڵ رەتیان دەکردەوە، بە کەڵک وەرگرتن لەو دۆخە بەسەریاندا بسەپێنێت، لەم بابەتەدا نمونەی مێژوویی زۆرن، نمونەی هەرە نوێشی بوومەلەزەلێدراوانی سەرپێڵ زەهاو لە پارێزگای کرماشانن، کە هێشتاش بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتە داگیرکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرخۆداندان.

لەسەر ئافراندنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، دەسەڵات ڕۆڵێکی سەرەکی دەگیڕێت، دروستکردنی قەیران بە ئامانجی بەردەوامکردنی ژیانی سیاسی، یەکێک لە کاراکتەرەکانی سیستمی خۆسەپێنی ئێرانە بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە پانتاییەکی زیاتر بە ئامانجی ئەوەی بیرە جیاوازەکان و پێشەنگەکان لە دژایەتی خۆی بە شێوازی دڵخوازی خۆی سەر لەنوێ بخولقێنێت، بە لێدانی یەک لە دوای یەکی ئەم شۆکە کۆمەڵایەتییانە، دەبێتە هۆی ئەوەی کێشەکانی وەک؛ گیرودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، لەشفرۆشی و بێکاری دروست ببێت و بە پێچەوانەکردنی تەرکیزی ڕۆحی گشتی، لە هەنگاوی یەکەم بڕبڕی کۆمەڵگا لێک دەکاتەوە و لە هەنگاوی دووەم بە دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە ڕێگەی هێزە سەرکوتکارەکانی کار بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا دەکات، کە تەنیا ئامانجی تەسلیم وەرگرتنی کۆمەڵگا و بێکاریگەرکردنی نییە، بەڵکوو لە ڕێگای شۆک دەرمانییەوە زیهنییەتێک لە نەوەکانی داهاتوو و ڕابردوو دروست دەکات کە کەسایەتی تاک و کۆمەڵگا لە پێشینەی خۆی بە شێوەیەکی بنەڕەتی پاک دەکاتەوە.

دۆخی ئابوری و ئەوەی لەناو بازاڕی ئابوری ئێران پێوەی تێپەڕ دەبێت، قەیرانێکی ئابورییە کە سەرچاوەی ناوخۆیی و دەرەکیی هەیە، لە بواری دەرەکیدا شەڕێکی ئابوری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە، کە بەشێکی دەگەڕێتەوە سەر ئێران و ئەمریکا بە ئامانجی سیاسی، سەربازی و دابەشکردنی هەژمون،  بەڵام داکشانی ئابوری ئێران تەنیا بەهۆی قەیرانی ئابوریی هەنووکەیی و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە نییە، بەڵکوو بنەماکەی دەگەڕێتەوە سەرناوەڕۆکی سیاسی بازاڕی ئابوری ئێران، ئێران خاوەنی شێوەیەک ئابوری تێکەڵاوە، بەو واتایە کە بازاڕ نە بە تەواوەتی ئازاد و سەردەمیانەیە، کە لە دەستی کارسازان و کۆمپانیا ئەهلییەکان بێت و نەش بە تەواوەتی دەوڵەتییە، سیاسەتی بازاڕ و ئەو بەشەی کە لە دەستی کەسانی نزیک لە سیستمە لە پێناو قازانجی دەسەڵات بنیات نراوە، بەم هۆیەشەوە و لەژێر کاریگەری گەمارۆکان، بەشی گەورەی بازاڕی دەوڵەتی و هاوتەریبی ئەو، بەهۆی بەرهەمهێنانی لە ڕادەبەدەر و دابەزینی بەهای پارە، کەمبوونەوەی داهات، کەمکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، مایەپووچبوونی کۆمپانیا و دامەزراوە بانکیە ناحکومییەکان، هەروەها بەرهەمنەهێنانی پێویست، و کۆنترۆڵنەکردنی بازاڕ بەپێی خواستی کڕیارران، ئێرانی تووشی قەیرانی سەرەکی لە ناوەوە کردووە، کە ئێستا لەهەموو ئاستەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگا دەبینرێت، بەڵام کێشە سەرەکییەکان لەم قەیرانەدا تایبەتە بە خودی سیستمی سیاسی دەسەڵات، کە لەگەڵ خۆسەپێنی سیستمەکە دەگونجێت، بێگومان ئێران بە یارمەتی وەرگرتن لە تێکنۆکڤراتەکانی خۆی لە ناوەڕۆکی وەها بازاڕێک هۆکارە دەرەکییەکانی وەک ئامرازێک بۆ شێوەی شۆک دەرمانی کەڵک وەردەگرێت، تا بتوانێت لەم ڕێگایە توێژەکانی خەڵک و خواستە ئازادیخوازەکانیان بەرەو دواوە بەرێت و پێش هەموو شتێک پێش لە کاردانەوە و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بەڕەسەندنی ناڕەزایەتییەکان بگرێت، هاوکات لەم شێوەیەدا هێزە سەرکوتکارەکانی ڕۆڵێکی دیاریکەر دەبینن، بۆیە خولقاندنی دۆخێکی ئابوری خراپ بۆ تاکەکەس و کۆمەڵگا کە دەتوانێت گەل لە خواستە ئازادیخوازانەکانی پاشگەز بکاتەوە ئامانجی سیستمە، دوابەدوای ئەم شۆکە ئابوریانە ئامانجی سیستم دروستکردنی کۆمەڵگایەکی چینایەتی و قەتیسکردنی سەرمایە لەناو دەستی کەسانی نزیک و گرێدراوی خۆی دەبێت تا بگاتە مشەخۆری و گەرەنتی کردنی ئامانجە سیاسیی و سەربازییەکانی، لەم چوارچێوەیەشدا دۆخی هەنووکەیی نیشاندەری ئەم ڕاستییەیە.

پرسیار ئەوەیە کە سیاسەتی شۆک دەرمانی و تۆتالیتەر، تا چ ڕادەیەک لە ئاستی ئابوری و کۆمەڵایەتی توانیویەتی ئامانجەکانی بپێکێت، بۆ ئەوەی خەڵک لە خواستەکانیان پاشگەز بکاتەوە، بێگومان وەڵام ئەوەیە کە دەسەڵاتی ئێران تەنیا لە سەرکوتکردن و خولقاندنی کارەساتە کۆمەڵایەتی، ئابوری و سروشتییەکان سەرکەوتوو بووە، بەڵام بۆ لەناوبردن، نۆژەنکردنەوە و خولقاندنی تاکەکەس وکۆمەڵگا کە ئۆپەراسیۆنێکی سێ قۆناغییە سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست نەهێناوە، تا بگاتە قۆناغەکانی دیکە، بەهۆی ئەوەی کەسایەتی و شێوازی خەبات و دژبەری سەرچاوەی لە ناخی تاکەکەس وکۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئێستا گەیشتووەتە لوتکە، دەوڵەتی سەرکوتکاری ئێران هیچکات نەیتوانیوە بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتە داگیرکەرانە و مشەخۆرییەکانی بگاتە دۆخێکی دڵخوازی خۆی، بیری کۆمەڵایەتی و تێگەیشتنی سیاسی کۆمەڵانی ئێران دوو هۆکاری سەرەکی بۆ بێکاریگەرکردنی هێرشە کلتوریی و ئایدۆلۆژییەکان بووە، کە ڕێگای لە دواکەوتنی کۆمەڵگا گرتووە، هەروەها گەلانی ئێران بە درێژایی مێژوو سەلماندوویانە کە پێناسەکانی زۆردارانەی دەوڵەت-نەتەوەی ئێران کە لەگەڵ خواستەکانیان ناگونجێت و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی چینی سەردەستە، قبوڵ ناکات، لەم دۆخەدا دەسەڵات ناتوانێت سیاسەتەکانی بەڕێوە ببات و دەستکەوتێکی بەرچاویش بەدەست ناهێنێت.

دۆکتۆرینی "نەخشەڕێ"ی شۆک و بەڕێوەبەرانی، شێوەی شۆک دەرمانی لە لایەک بۆ سەرلەنوێ پێکهێنانی کۆمەڵگا لە پێناو ئامانجەکانیان و لە لایەکی دیکەشەوە بۆ پەردەپۆشکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان بەکار دێنن، لە سەرووی هەموو قەیرانەکانی، دەسەڵاتی ئێران تووشی قەیرانی ئایدۆلۆژی بە واتای قەیرانی بەشداری خەڵک بووەتەوە و کە ئاستەکانی قەیرانی ڕەوایەتی دەسەڵات لەناو گەلان، قەیرانی کەسایەتی و شۆناسی سیستم، قەیرانی کارامەیی دەزگا بەڕێوبەرایەتییەکان، دەزگا سیاسییەکان و دەزگا جێبەجێکارەکان، دەگرێتەوە، هەروەها لە بەردەوامی قەیرانی ئایدۆلۆژیای هەنووکەیی دەوڵەت و دەسەڵات گەیشتووەتە بنبەست و بەو چەشنە کە کارامەیی خۆی بۆ بەڕیوەبردنی ژیانی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدەستداوە، چونکە ژیانی سیاسی لە کۆمەڵگا پێچەوانەی دەسەڵات دەجوڵێتەوە، لەم پێناوەدا تەنیا فاکتی هێزی دەسەڵات نییە کە بتوانێت کۆمەڵگا بە سیاسەتەکانی لە سەرەوە و بەڕێوبردن لە خوارەوە کۆنترۆڵ بکات، لە لایەکی دیکەشەوە گەل و کۆمەڵگا بە ڕۆڵگیڕان لە ئاستە جیاوازەکان و دەستپێشخەری لە قۆناغی هەنووکەیی ڕووبەڕوو سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ئێران دەبێتەوە و دەبێتە دژە ژەهرێک لە بەرامبەر هێرش و هەڕەسەکانی سیاسەتی شۆک دەرمانی دەسەڵات.

س.ح