یەکینەکانی تۆڵەکردنەوە بارهەڵگرێکیان تەقاندەوە

یەکینەی تۆڵەکردنەوەی (جەرەن گونەش) سەربە (هەبەدەهە - HBDH)، لەدژی بارهەڵگرێک کە باری بۆ چەتەکان لە عەزازی داگیرکراو دەبرد، چالاکییان ئەنجامدا و بارهەڵگرەکەیان تەقاندەوە.


ئەمڕۆ یەکینەی تۆڵەکردنەوەی (جەرەن گونەش) سەربە بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتووی گەلان (هەبەدەهە - HBDH)، ڕایانگەیاند کە بارهەڵگرێکی دەوڵەتی تورکیان کە باری بۆ عەزازی داگیرکراو دەبرد، تەقاندووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەسەر ئەو چالاکییە بڵاویان کردووەتەوە ڕایانگەیاند: ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە یەکینەکەمان لەدژی بارهەڵگرێک کە لە بەندەری مێرسینەوە باری بەرەو عەزاز (کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە داگیرکراوە) دەبرد لە سنوری شاری ئەدەنە چالاکیی سابۆتاژیان لەدژی ئەنجامداوە.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە، کامیۆنەکە لەگەڵ بارەکەی ناویدا بە تەواوەتی لەناوبراوە، ئەوەشخراوەتەڕوو کە "هەر شێوە پشتیوانییەک بۆ هێزە داگیرکەرەکان و چەتە بەربەریەکان ببرێت لەلایەن ئێمەوە دەکرێتە ئامانج".

ک.س