ئارام حاجی: هەرەسهێنانی پرۆسەی ئاشتیی تورکیای تووشی قەیران کرد

نووسەرێک ئاماژە بە هەوڵەکانی ئۆجالان دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەکی ڕیشەیی، کە کۆی کێشەکانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش چارەسەربکات، لەبارەی گرنگیی مانگرتنەکانیشەوە پێیوایە، کە مانگرتن داینەمۆی سەرخستنی کۆدەنگییەکی نەتەوەیی و نشتیمانییە، دەشڵێت: هەرەسهێنانی پرۆسەی ئاشتیی تورکیای تووشی قەیران کرد.


ئارام حاجی، نووسەر و توێژەر، لەبارەی دیدارەکەی ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە و ئەو پەیامەی کە ٦ی مانگ لە ڕێگای پارێزەرەکانییەوە بڵاویکردەوە، هەروەها گرنگیی پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا و باکوری کوردستان و ڕۆڵی مانگرتنەکان لە وەستانەوە دژ بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان، بۆ ڕۆژنیوز دووا.

"هەرەسهێنانی پرۆسەی ئاشتی لەسەر دەستی ئەکەپە و ئەردۆغان، تورکیای تووشی قەیران کرد"

ئارام حاجی کاریگەرییە نەرێنییەکانی هەڵوەشانەوەی پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا بەمجۆرە هەڵسەنگاند: ئەگەر دۆخی سایسی و ئابووریی تورکیا بکەین، هەستدەکەین بە هۆی هەرەسهێنانی پرسی چارەسەریی سیاسی و دیموکراسی و ئاشتیانە لەسەر دەستی ئەکەپە و ئەردۆغان، تورکیا بە قەیران و بەریەککەوتنی نا سروشتیی و نا ئاساییدا تیپەڕیوە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەرێمایەتیی و جیهانیش، لەسەر ئاستی ناوخۆ ئەگەر تەماشا بکەین، لە دوای ڕوودانی کودەتا سیناریۆکەی ٢٠١٦، هەڵوەرینێکی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی تورکی لێکەوتووەتەوە و گۆڕەپانی سیاسیی تورکی دابەشکردووە بەسەر چەند کار و کاردانەوەیەکی جیاوازدا، لەدوای ئەو لەشکرکێشییەی کە بۆ داگیرکردنی عەفرین ئەنجامیدا، هەروەها ئەو شکستەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری ئەمساڵ بەر ئاکەپە کەوت و ئەو داڕمانە ئابوورییەی کە دۆخی ئابووریی تورکیا بەخۆیەوە بینی، ئەمانە بەشێکن لەو قیرانانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەسەر دەستی ئاکەپە و ئەردۆغان بەسەر تورکیادا هات.

"تورکیا دەیەوێت گەڕانەوە بۆ کورد بکاتە دەرچەیەک بۆ دەربازبوونی لە قەیرانەکان"

دەربارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهاندا، دەڵێت: ماوەیەکی زۆرە لە سایەی پرسی دەستێوەردانی تورکیا بۆ سوریا و عێراق، وە ئەو بەریەککەوتنانەی کە هەیەتی لە گەڵ ئەمریکادا لەسەر پرسی پێکنەهاتنەوەی سیاسەتەکانی تورکیا لەگەڵ ستراتیژی ئەمریکیدا بەتایبەت لە پرسی سوریا، وە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەهەمان کاتیشدا هەوڵدان بۆ سوود وەرگرتن لەو جیاوازییەی کە لە تێڕوانینی ستراتیژیی ئەمریکا و ڕوسیادا هەیە و قۆستنەوەی بۆ کڕینی مووشەکی ئێس-٤٠٠، هەروەها ئەو چاوەڕوانییەی کە ستراتیژی ئەمریکی هەیبووە لە تورکیا، زۆر لەخوار ئەو ئاستەوەیە کە بەدەستیهێناوە، هەموو ئەمانە حکومەتی ئەکەپە و ئۆردۆغانی گەیاندووە بە دووڕیانێکی داخراو، چونکە ئاکەپە لە پای هەموو هەوڵەکانی، هیچ ئاکامێکی ئەوتۆی بەدەستنەهێناوە، بۆیە ئێستا تورکیا جۆریک لە حەتمیەتی ناچاریی بۆ دروستبووە، بەوەی کە بە گەڕانەوە بۆ کارتی کورد، بتوانێت دەرچەیەک بۆ دەربازبوونی لەو قەیرانە سیاسیی، ستراتیژیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتییەکانی بدۆزێتەوە.

"ئۆجالان دەیەوێت چارەسەریی ڕیشەیی بۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیبهێنێت"

دەربارەی گرنگیی تێڕوانینەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ پرۆسەی ئاشتیی، دەڵێت: تێڕوانین بۆ پرسی چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراسیانە لە دیدی بەڕێز ئۆجالانەوە جیاوازە لە دید و تێڕوانینی ئەردۆغان و ئاکەپەوە، ئاکەپە بە گەڕانەوە بۆ پرسی ئاشتیی، دەیەوێت بە دوای کارتێکدا بگەڕێت، کە تێیدا کورد بکات بە زەخیرەی دەرچەیەک بۆخۆی، بەڵام دید و تیڕاونینی بەڕێز ئۆجالان، بریتییە لە گەڕان بەدوای چارەسەرێکی ڕیشەیی، کە کۆی کێشەکانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش چارەسەربکات، ئەمە دوو تێڕوانینی جیاوازە، دید و تێڕوانین و فەلسەفەی بەڕێز ئۆجالان لەمەڕ پرسی سیاسی و چارەسەری دیموکراسییانە، چونکە ئەوەی ئەو بۆی دەگەڕێت، قوڵایەکی مێژوویی تایبەت بە خۆی هەیە و دەتوانین ئەمەش بەرگرینامەکانی ئورفا و ئەو بەرگرینامانەی کە لە ئیمرالی نووسیویەتی بدۆزینەوە.

"ئاکەپە دەیەوێت بەگوێرەی ویستی خۆی پرۆسەی ئاشتیی دەستپێبکاتەوە"

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئارام حاجی ئاماژە بەوە دەکات، کە ئاکەپە دەیەوێت پرۆسەی ئاشتیی بەوجۆرەی کە خۆی دەیخوازێت بهێنێتە کایەوە نەک بەو شێوازەی کە پرسی چارەسەری ڕاستەقینە دەیخوازێت و، وتی: پێموایە لەمپەری هەرە سەرەکی و هەرە ستراتیژی لە ئێستای قۆناغی سیاسی تورکیادا ئاکەپەیە لە بەردەم پرۆسەی ئاشتیی و دیموکراسیی و چارەسەریدا، نەک پەکەکە و هیچ هێز و لایەنێکی دیکە، لەبەر ئەوە من پێموایە ئەم گەڕانەوەیە بەم ئامانجە لەلایەن ئاکەپەوە، مەحکومە بە شکست، لەبەر ئەوە پێویستە سیاسەتی کەجەکە و سیاسەتی هەدەپە لە بەرامبەر بەو دۆخەی لەسەر ئاستی سیاسیی لە تەواوی گۆرەپانی سیاسی تورکیادا هەیە، سیاسەتێکی جێگیربێت، چونکە ئەمەی ئاکەپە دەیکات تەنها گەمەیە و هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر دید و تێڕوانینی ستراتیژیی ئاکەپەدا نەهاتووە.

"مانگرتن داینەمۆی سەرخستنی کۆدەنگییەکی نەتەوەیی و نشتیمانییە"

ئارام حاجی ستایشی ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی ئەو مانگرتنانەی کرد، کە ١٨٨ ڕۆژە بە پێشەنگایەتیی لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپە دژ بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بەردەوامە و، وتی: بە دڵنیاییەوە دەستپێکردنی مانگرتنی هەڤاڵ لەیلا گوڤەن و هاوڕێکانی و دواتر فراوانبوونی، ڕۆڵی پێشەنگایەتیی و ڕابەرایەتیی سیاسەتێکی دیموکراسییانە و ئاشتییانەی ڕاستەقینەی لە تورکیادا دەبێت، پێموایە ئەمە ڕێبەرایەتییەکی خۆڕسکی خەباتی سیاسیی و مەدەنییە، داینەمۆی سەرخستنی کۆدەنگییەکی نەتەوەیی و نشتیمانیی کە لە پشتی ئەم پیشەنگایەتییەوە ڕێکبخرێت، وە لەسەر ئاستی گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا پەلبهاوێژرێت بۆ پێکهێنانی کۆبەندییەکی سیاسیی، دژ بەو سیاسەتە ناڕەواو نە خوازراوانەی، کە ئەکەپە و ئەردۆغان پەیڕەوی دەکەن بەرامبەر دۆخی تورکیا بە گشتی و پرسی چارەسەریی دیموکراسیی بەتایبەتی.

"دۆخی باشور نە خوازراوە لەمەڕ پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان"

نووسەر و توێژەر ئارام حاجی لەبارەی ئەوەی کە بۆچی تاوەکو ئێستا ڕۆشنبیرانی باشوری کوردستان هاوشێوەی بەشێک لە ئەکادیمیستانی وڵاتانی ئەوروپا، دەستپێشخەرییان بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان نەبووە؟، وتی: دۆخی سیاسیی باشور دۆخێکی نەخوازراوە لەمەڕ پرسی ڕاستەقینەی نەتەوەیی و نشتیمانیی کورد، چونکە ئەو پارادایمەی کە لە ڕووی سیاسییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی هەرێمی کوردستان دەکات، پارادایمێکی نەریتییە و جۆرێک لە دابەشبوونی تێدایە، ئەو ستراتیژە هەرێمایەتییانەشی کە لەم ناوچەیە دەگوزەرێن وایکردووە هێزەکانی باشور نەتوانن بەشێوەیەکی ئاسایی جموجۆڵ بکەن بۆ ئەوەی کە پشتیوانیی لە هەر چالاکییەک بکەن، کە خزمەت بە پرسی چارەسەرییەکی ڕاستەقینەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کورد بکات، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە زۆرێک لەم هێزە سیاسییانەی باشور نەیانتوانیوە خۆیان بتەکێنن لەو هەژموونگەراییە ستراتیژییە هەرێمایەتییەی، کە دەوڵەتانی داگیرکەر بەسەر دۆخی تەواوی پارچەکانی کوردستاندا هەیانە.

س.ح