ئارام قادر بووە سەرۆکى هاوپەیمانى

بەزۆرینەى دەنگى ئامادەبووانى کۆبوونەوەى گشتى هاوپەیمانى بۆ دیمکوراتى و دادپەروەرى ئارام قادر، وەک سەرۆکى هاوپەیمانى هەڵبژێردرا و ناوى هاوپەیمانى بۆ دیموکراتى و دادپەروەرى گۆڕدرا بۆ هاوپەیمانى نیشتیمانى.


ئەمڕۆ، لە هۆتێل دیلمان لەشارى هەولێر، بە بەشدارى نزیکەى ٣٥٠ ئەندام کۆبوونەوەى گشتى هاوپەیمانیى بۆ دیموکراتى و دادپەروەریى بەڕێوەچوو، بۆ بڕیاردان لەسەر مانەوە یان هەڵوەشانەوەى هاوپەیمانیى.

لە کۆبوونەوەکەدا بە زۆرینەى دەنگى ئامادەبووان بڕیاردار، کە هاوپەیمانیى بەردەوامبێت لە کارەکانى و درێژە بە کارى سیاسى بدات.

لەپاش نیوەڕۆدا بڕیاردرا، کە ناوى هاوپەیمانیى بۆ دیموکراتى و دادپەروەرى بگۆڕدرێت بۆ هاوپەیمانى نیشتیمانیى، پاشان دەرگاى خۆ کاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى هاوپەیمانیى کرایەوە، هەریەک لە ' نیهاد عەزیز، دانا تەیب، سەنگەرعەلی، دڵشاد ڕه فعەت، شیرین وەهاب، ئارام قادر، هەڵگورد کوردستانى' خۆیان بۆ سەرۆکى هاوپەیمانیى نیشتیمانیى کاندید کرد، پاشان لە دەنگدانێکى نهێنیدا، ئارام قادر، بە بەدەستهێنانى ٢٤٤ دەنگ بووە سەرۆکى هاوپەیمانیى نیشتیمانیى.

لەدواى بوونى بە سەرۆکى هاوپەیمانى نیشتیمانیى، ئارام قادر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا وتى: دەمانەوێت رابردوو بەجێبهێڵین، ئیدی باسی داهاتوو دەكەین. بۆ چوار ساڵی داهاتووش بەرنامەی تۆكمەمان دەبێت، بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو زیانە گەورانە بكەینەوە كە لەم ماوەیەدا بەر هاوپەیمانی كەوت.

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لەلایەن بەرهەم ساڵح دامەزرێندرا، لە كۆنگرەی یەكەمدا بە بەشداری نزیكەی٧٠٠ كەس بەرهەم ساڵح، بە سەرۆكی هاوپەیمانی هەڵبژێردرا، بەڵام لە مانگی ئابی ئەمساڵدا دەستیلەكاركێشایەوە و گەڕایەوە ناو یەكێتی، دواتریش بە سەرۆككۆماری عێراق هەڵبژێردرا.

د.ع