ئارام قادر خەبات: پێویستە گەلی باشور پشتیوانیی ڕۆژئاوا بکات

ئارام قادر خەبات، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی داوا دەکات، کە گەلی باشور پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان بکات، دەشڵێت: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی بە ئاشتیانە بگەینە ئەنجام.


ئەمڕۆ لەمیانەی سەردانی شاندێکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆلای نوێنەرایەتیی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری سلێمانی، ئارام قادر خەبات، ئەندامی شاندەکە، دەربارەی هەڵوێستی  حزبەکەی بۆ پشتیوانییکردنی ڕۆژئاوای کوردستان کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیی بەست.

ئارام قادر خەبات، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی: ئێمە پشتیوانی گەلی خۆمانین لە ڕۆژئاوای کوردستان، پێمانوایە کە شەڕ چارەسەریی نییە، ڕۆژئاوا و شەڕڤانان ڕۆڵی ئێجگار گەورەیان هەبووە لە تێکشکاندنی داعش و چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەکە، بۆیە ناکرێت بەوشێوەیە پاداشتی قوربانیدانیان بدرێتەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی بەپێویستیشی زانی، کە گەلی باشوری کورستان پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان بکات، "وەک چۆن هەمیشەش پشتیوان بووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی بە ئاشتیانە بگەینە ئەنجام و چارەسەری کێشەکان بکرێت".

دووپاتیشی لە گرنگیی پشتیوانییکردنی ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە و وتی: جێی خۆیەتی هەمووان لەلای خۆمانەوە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان بکەین، پشتیوانیی ئاشتەوایی نێوان دەوڵەتی تورکیا و کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا بکەین، بە هەموو لایەکیش بڵێین کە کورد بۆ کەس مایەی مەترسیی نییە و پارێزەری ئاشتی و ئاسایشە.

ئارام قادر خەبات هیواشی خواست، کە هەموو لایەنەکان بە حکومەتی هەرێم و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیشەوە "بێینە سەرخەت، بۆ ئەوەی ڕۆڵمان هەبێت لە ئاشتەوایی ناوچەکە".

ش.ف