چوؤرشەممە, 22 أبر 2020 – 14:43 ڕۆژنیوز – بەرهەم لەتیف
بڕیاربوو ئەمڕۆ لە هەولێر هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر بارگرژییەکانی زینی وەرتێ کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە نەکرا.
ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، کە دواخستنی کۆبوونەوەکە لەسەر داوای پارتی بووە، بەڵام بێ ئاگایی خۆی لە هۆکاری دواخستنەکە دەربڕی.
بەپێی زانیارییەکان یەکێتیی شاندی خۆی بۆ کۆبوونەوەکە دیارییکردووە و ڕزگار عەلی سەرۆکی شاندەکە بووە، بەڵام ڕوون نەبوو شاندی پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی لەکێ پێکدێن.
ئارێز عەبدوڵا بێ ئاگایی خۆشی دەربڕی لە دیارییرکردنی وادەی دیکە بۆ کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی و وتیشی: پێدەچێت سبەی و دووسبەی کۆبوونەوە بکرێت، بەڵام ئاگادارنیم هیچ وادەیەکی دیکە دیاری کرابێت.
پێشتر مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ١٧ی ئەم مانگە کۆبوونەوە و بەپێی زانیارییەکان لەو کۆبوونەوەیەدا داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیان ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق کردبوو.
ڕۆژی ١٩ی نیسانیش مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆبووەوە و تێیدا بڕیاردرا لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆببنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی جێگیرکردنی هێزێکی پارتی لە زینی وەرتێ کێشە کەوتووەتە نێوان یەکێتی و پارتییەوە و یەکێتیش هێزی گواستووەتە بۆ ئەو ناوچەیە، لە کۆبوونەوەی ١٧ی نیسانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیشدا، داوایان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان فەرمانی کشاندنەوەی ئەو هێزانە لە زینی وەرتێ دەربکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هێزەکە لەوێ نەکشێندراونەتەوە و بەردەوامیش هێز و چەکی قورسی زیاتر لەلایەن پارتییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەکە.
س.ح