ئارێز عەبدوڵا: هیوادارین نەگاتە ئەو ئاستەی گفتوگۆی کشانەوە لە حکومەت بکەین

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیگەرانییەکانی حزبەکەی لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی ناشارێتەوە و دەڵێت، کە پارتی بەسەر پۆستەکانی ئەواندا خەڵکی دیکەی داناوە و بڕیاری دەستبەکاربوون بۆ کاندیدەکانیان دەرناکات، هۆشداریش دەدات و دەڵێت: هیوادارین نەگاتە ئەو ئاستەی گفتوگۆی کشانەوە لە حکومەت بکەین.


ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-ی.ن.ک و پارتی دیموکراتی کوردستان-پ.د.ک بەردەوامیی هەیە و ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی لەبارەی ئەو ناکۆکییانەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئارێز عەبدوڵا دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت حکومەتی هەرێم ڕەنگدانەوەی سیاسەتی هاوبەشی هەرسێ حزبەکە بێت لە بڕیاردان، ئێمە گرفتمان لە شێوازی بەڕێوەبردنە کە دەبێت هەماهەنگی و هاوکاری زیاتر هەبێت بۆ سەرخستنی پرۆژەی حکومەت.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە وەزیرێکمان هەیە لە حکومەتی هەرێم کە پەیوەندیدارە بە کاروباری بەغداوە، کەچی وەزیرێکی پارتی کراوەتە بەرپرسی فەرمانگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا، بەبێ ڕێککەوتن.

هەروەها دەشڵێت: وەزیری دارایی و بریکاری وەزیری دارایی هەیە، کەچی سەرۆکی حکومەت یاریدەدەری کاروباری ئابووریی بۆخۆی دادەنێت، بۆچی؟ ئەی ئەو وەزیرانەی کە هەن یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت نین؟.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی باسی لەوەشکرد، کە "لە بادینان و سۆران و باڵەکایەتی، بە بینانووی جۆراجۆر تەشقەڵە بە ئەندام و لایەنگرانمان دەکرێت، بەبێ پاساو و بەبێ دادگا دەستگیردەکرێن و فشاریان دەخرێتەسەر".

لەبارەی ئەوەی کە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت کە یەکێتی کاندیدەکانی بۆ پۆستەکان یەکلانەکردووەتەوە، ئارێز عەبدوڵا وتی: لەوەتەی کابینەی دەستبەکاربووە ڕەوەند مەلا مەحمود-مان کاندیدکردووە بۆ سەرۆکی دەستەی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەرنەکراوە، ئێمە لەسەر وردەکارییەکان ڕێکنەکەوتووین کە چیمان بەردەکەوێت تا کاندیدی بۆ دیاری بکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە "قوباد تاڵەبانی، کە سەرۆکی تیمی یەکێتییە لەناو حکومەت، بەردەوام لەگەڵ کاک مەسرور و لایەنەکانی دیکە لە گفتوگۆدایە بۆ لێکتێگەیشتنی باشتر، لە ئاستی مەکتەبی سیاسیی هەردوولاش گفتوگۆ هەیە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی هەرچەندە ئەوەشی خستەڕوو، کە بەردەوام گفتوگۆ و دانیشتن لەنێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە و دەیانەوێت کێشەکان چارەسەرببن نەک قووڵ ببنەوە، بەڵام وتیشی: هیوادارین نەگاتە ئەو ئاستەی کە بیر لە کشانەوە لە حکومەت بکەینەوە.

س.ح