ئاسایشی پارتی ڕێگری لە گەڕانەوەی مەخموریەکان دەکات

بەشێک لە هاوڵاتیانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، بە ئامانجی بەشداریی کردن لە مەراسیمی بەبیر هێنانەوەی شەهید دیار غەریب، لەکامپەکەوە بەڕێکەوتن بۆ بناری قەندیل، بەڵام لەلایەن ئاسایشی گێچەی مەخمور، لەنێوان شارۆچکەی مەخمور و شاری هەولێردا ڕاگیراون، نە دەهێڵن بڕۆن بەرەو قەندیل نە ڕێگە دەدەن بگەڕێنەوە.


بەیانی ئەمڕۆ، بەشێک لە هاوڵاتیانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی، بۆ بەشداریی کردن لە مەراسیمی بەبیرهێنانەوەی شەهید دیار غەریب، بەڕێکەوتن بەرەو بناری قەندیل، بەڵام لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە ڕێگرییان لێکرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستی ڕۆژنیوز کەوتووە، ئاسایشی پارتی ڕێگریی لە هاوڵاتیانی کامپی مەخمور دەکات بگەڕێنەوە کامپەکەیان، هەروەها تابلۆی هەموو ئۆتۆمبێلەکانیان لێکردووەتەوە و وێنەی ناسنامەی ئەو کەسانەی تۆمار کردووە.

ئاسایش بە ژنانی کامپەکەی وتووە، کە بگەڕێنەوە بەڵام پیاوەکانیان لەوێ ڕاگرتووە، لەسەرئەمەش ژنان ناڕەزایەتییان نیشانداوە و وتوویانە تا هەموو هەڤاڵانیان ئازاد نەکرێن، ئەوانیش ناگەڕێنەوە کامپەکە.

نورای سەزگول، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی عەشتار بەناوی ئەو هاوڵاتیانەوە، کە ئاستتەنگ کراون قسەیکرد و وتی: ئەگەر پارتی هاوکاری تورکیا نییە بۆ داگیرکاریی کوردستان و هێرشەکانی سەر باشور، ڕێگریی لە هاوڵاتیانی مەخمور نەدەکرد، بۆ ئەوەی بەشداریی ئەو مەراسیمە بن.

هاوڵاتیان تا ئێستا لەئاسایشی گێچە ڕاگیراون.

د.ع