دوای فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ و دامەزراندنی هێزەکانی خۆپاراستنی جەوهەریی شەنگال، ٢٠٠ هەزار کەس گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، لە شەش ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە پیلان کار بۆ لەناوبردنی ئاسایشی ئێزیدخان کراوە، بەڵام پارێزەرانی ئێزیدخان بەو بەرخۆدانەی تۆماریان کرد، بوونەتە هیوای گەڕانەوە و پاراستنی ئێزدییەکان.
دوای ڕزگارکردنی تەواوی شەنگال لە چنگی چەتەکانی داعش و گەڕانەوەی ئاوارەکان، بۆشاییەکی سیاسیی، ئەمنیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی لە ناوچەکە دروستبوو، کۆمەڵگای ئێزدیی بڕیاریاندا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە لە چوارچێوەی سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتییدا خۆی ڕێکبخات، لەسەر ئەو بنەمایەش لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ هێزی ئاسایشی ئێزدیخانی دامەزراند.
لەگەڵ دامەزراندنی ئاسایشی شەنگال، سەدان گەنجی ئێزدیی ڕوویان لە ڕیزەکانی ئاسایش کرد و ئەرکی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەیان لەئەستۆ گرت، ئەوەش بووە یەکەم جار لە مێژووی ئێزدییدا کە ببنە خاوەن هێزی ئاسایشی خۆیان، خەڵکی ناوچەکەش کە ڕزگاردەبوون لە گوشارەکانی پەدەکە، دڵخۆش بوون بە دامەزراندنی ئەو هێزە.
ئەو پێشوازییە گەرمەی گەنجانی ئێزدیی هەیانبوو بۆ ئاسایشی ئێزدیخان، وایکرد هەرزوو دەست بە پیلان بکرێت بۆ لەناوبردنی ئاسایشی ئێزدیخان، لەسەر ئەو بنەمایە ساڵی ٢٠١٧ پەدەکە لەڕێگەی چەتەکانییەوە هێرشیکردە سەر خانەسوور و ناوچەکانی سەر بە ئاسایشی ئێزدیخان، بەڵام ئاسایشی ئێزدیخان ڕێگەی نەدا ئەو چەتانەی بەناوی “پێشمەرگەی ڕۆژەوە” هێرش دەکەن بچنە خانەسوور، ئەوەش هێزێکی نوێی بەخشیی بە کۆمەڵگەی ئێزدیی و زیاتر ڕوویان لە ڕیزەکانی ئاسایش کرد.
دوای گەڕانەوەی خەڵک بۆ زێدی خۆیان لە ناوچەکانی دووهۆلا، بۆرک، سنونێ و هەموو شەنگال، ئاسایشی شەنگال ڕیزەکانی زیاتر کرد و ئەرکی پاراستنی خەڵکیان لەئەستۆ گرت، دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و دیسانەوەی ڕاکردنی پەدەکە لەو ناوچەکانی دەوروبەری شەنگال، ئاسایشی ئێزدیخان لە هەموو ناوچەکانی شەنگال جێگیربوو، هاوکات هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە لەسەر سنوورەکان جێگیربوون و ناوچەکانیان دەپاراست.
لە سایەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال و هێزەکانی پاراستنییەوە، لە هەشت ساڵی ڕابردوو سەرباری ڕێگرییەکانی پەدەکەش، ٢٠٠ هەزار ئاوارەی شەنگال گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.
بۆ ڕێگرییکردنی لە گەڕانەوەی ئاوارەکان و دامەزراندنی سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی، دەوڵەتی تورکیش دەستی کرد بە هێرش بۆ سەر شەنگال، بەڵام ئێزدییەکان زیاتر گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، دوای هاتنی بۆ سەر کورسی دەسەڵات، مستەفا کازمی کە کەسێکی نزیکە لە ئەردۆغانەوە، پیلانی لەناوبردنی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال و هێزەکانی داڕشت، لەسەر ئەو بنەمایەش ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵیی لەنێوان دەوڵەتی تورک، پەدەکە و کازمیی واژۆ کرا، ڕێککەوتنەکەش بۆ لەناوبردنی تەواوی دەستکەوتەکانی ئێزدییەکان بوو.
لە هەنگاوە سەرەتاییەکانیش بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، دەست بۆ ئاسایشی ئێزدیخان برا و داوایان لێکردن تا ١ی ١١ی ٢٠٢٠ سەرجەم بارەگاکانیان چۆڵ بکەن و ئەگەر وا نەکەن ئەوا بەزەبری هێز پێیان چۆڵ دەکەن، بەڵام لەسەر داوای خۆبەڕێوەبەریی شەنگال خەڵک لە بەردەم هەموو بارەگاکانی ئاسایش کۆبوونەوە بۆ ڕێگرییکردن لە هەر پیلانێک دژی ئاسایش.
دواتر چادر لەبەردەم بارەگای ئاسایشی ئێزدیخان لە شەنگال هەڵدرا و ١٣٨ ڕۆژ بەردەوام بوو، هەموو توێژە جیاجیاکانی شەنگال بەشدارییان لەو چالاکییەدا دەکرد بۆ بەرگرییکردن لە ئاسایش، دوای ١٣٨ ڕۆژ خۆبەڕێوەبەریی شەنگال بە بەیاننامەیەک کۆتاییهاتنی چالاکییەکەی ڕاگەیاند و بەرخۆدانی گەل شکستی بە پیلانەکان هێنا.
چەندین جار سوپای عێراق هەوڵی هێرشکردنە سەر ئاسایشی ئێزیدخانی دا، بەڵام خۆبەڕێوەبەریی شەنگال ڕێوشوێنی پێویستی دەگرتەبەر و ڕێگریی دەکرد لە دروستبوونی ئاڵۆزیی، هەتا ڕۆژی ١٨ی نیسانی ٢٠٢٢ لەکاتێکدا کۆمەڵگەی ئێزدیی خۆی بۆ پێشوازییکردن لە جەژنی چوارشەممە سوور ئامادە دەکرد، سوپای عێراق لە کۆمەڵگەی دوگورێ هێرشی کردە سەر خاڵێکی هێزەکانی ئاسایش، ئاسایشی ئێزدیخانیش وەڵامی هێرشەکەی دایەوە و بەوهۆیەوە شەڕ دروست بوو، دواتر دەرکەوت کە پیلانی سوپای عێراق تەنها ئاسایش نییە، بەڵکو لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کۆمەڵگەی ئێزدییە، بۆ ئەو مەبەستەش شەوی ١٩ی نیسان بە هێزێکی گەورەوە هێرشیان کردە سەر بنکەکانی یەبەشە و یەژەشە لە گوندەکانی سکێنی، حەیالێ، مەدیبان و دۆڵی شیلۆ، هێزەکانی یەبەشە و یەژەشەش وەڵامی پێویستی هێرشەکانیان دایەوە و سوپای عێراقیان ناچار بە ڕاگرتنی شەڕ کرد.
لەبەر ئەوەی یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم لەناوبردنی ئاسایشی ئێزیدخان بوو، حکومەتی کازمی و پەدەکەش دەست لە پیلانەکانیان هەڵناگرن، سوپای عێراق ڕۆژی ٢ی ئایار هەوڵیدا هێزێکی زۆر بە تانک و تۆپەوە بگوازێتەوە بۆ سەنتەری سنونێ و دوگور، بەوهۆیەشەوە شەڕێکی سەخت دروستبوو و لە ئەنجامدا شەڕڤانێکی یەبەشە بەناوی شەڕڤان ئێزدیخان شەهیدبوو، دواتر لەسەر داوای سوپای عێراق شەڕ ڕاوەستا و عێراق بەشێک لە هێزەکانی کشاندەوە.
لە شەش ساڵی ڕابردوودا هیچکات پیلان دژی ئاسایشی ئێزیدخان نەوەستاون و بەرخۆدانی ئاسایشی و خەڵکی شەنگالیش بەردەوام بووە دژی پیلانەکان، ئێستاش هەرچەندە هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکان هەبێت، بەڵام هەڕەشە و مەترسییەکان کەم نەبوونەتەوە.
ب.ل