ئاسایشی دهۆک هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی مامۆستا بەدەل بەرواریی، لەگەڵ ئەوەی خۆی لەماڵەوە نەبووە، ئەشکەنجەی کوڕێکیان داوە و کوڕێکی دیکەشیان دەستگیرکردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە، مامۆستا بەدەل بەرواریی چالاکوانی شاری دهۆک، بانگەوازیی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان کردووە دژی دواکەوتن و لێبڕینی موچە.
ئەمڕۆ بە مەبەستی دەستگیرکردنی بەدەل بەرواریی، ئاسایشی دهۆک هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵەکەی لە شاری دهۆک، هەرچەند خانەوادەکەی دەڵێن، کە لەماڵەوە نییە، بەڵام بەزۆر دەچنە ژورەوە و بەهۆیەوە ئاڵۆزیی لەنێوان کوڕەکانی بەدەل بەرواریی و هێزەکەی ئاسایشی دهۆک دروست دەبێت و ئاسایشەکان ئەشکەنجەی کوڕێکی بەدەل بەرواریی دەدەن و قۆڵێکی بە سەختی بریندار دەکەن، کوڕە گەورەکەشی دەستگیر دەکەن و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن.
ئومێد بەروشکی، چالاکوان و ڕۆژنامەنووس لە دهۆک بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئێمە لەگەڵ گروپی مامۆستایانی دهۆک چەند ڕۆژێکە لە هەوڵی ئەوەداین، کە جارێکی دیکە خۆپیشاندان ئەنجام بدەین و داوای مافەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران بکەین، بەڵام لەلایە ئاسایشەوە بە ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ هەڕەشەمان لێدەکرێت، کە نابێت خۆپیشاندان ئەنجام بدەین، ئەمڕۆش هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی بەدەل بەرواریی، بەڵام لەماڵەوە نەبووە.
د.ع