ئاسایشی دهۆک ڕێگریی لە گەڕانەوەی ڕۆژنامەنووسێکی دهۆکیی کرد

ئاسایشی ئاکرێ بۆ ماوەیەک ڕێگریی لە ڕۆژنامەنووسێکی دهۆکیی کرد بگەڕێتەوە بۆ شارەکەی خۆی، ئەویش سکاڵای یاسایی لەدژ بەرپرسی بازگەکە تۆمار کرد.


ئەیهان سەعید، ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی سەنتەری میترۆ لە بادینان و ئەندامی ژووری پەیوەندییە سیاسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، کە دانیشتووی شاری دهۆکە، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاشکرای کردووە، ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە ئاسایشی ئاکرێ ڕێگای نەداوە بگەڕێتەوە بۆ شاری دهۆک.

ئەیهان، نووسیوێتی"بە بەهانەی نەبوونی مۆڵەتی هاتووچۆ، بەرپرسی بازگەی قەندیل'ئاکرێ'، ڕێگای نەدا بچمەوە بۆ دهۆک، هەرچەندە ناسنامەی کاری ڕێکخراوەیی جیهانییم پێبوو، بە ئەرکی ژووری پەیوەندیی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان دەگەڕامەوە و مۆڵەتی دەزگای پەیوەندیداریشم هەبوو".

باسی لەوەش کردووە، کە لەبەرچاوی ئەو "زیاتر لە هەزار کەس بێ نووسراو و بێ مۆڵەت بەڕێکران، کارمەندێکی ڕێکخراوی پارتی هەندێک کەسی بەناوی مەکتەبی سەرۆکی پارتی، بە تەلەفۆن دەچوونە دهۆک و هەولێر، بەڵام بە منی وت نابێت تێپەڕی، سەرباری ئەوەی یاسایی بووم".

وەک خۆی ئەماژەی پێداوە، دوای ئەوەی بەرپرسانی گۆڕان هاتوونەتە سەر خەت، کێشەکە چارەسەربووە، هەر دوێنیش  ئەیهان سەعید، سکاڵای لە شارۆچکەی ئاکرێ، سکاڵای لەسەر بەرپرسی بازگەکە تۆمار کردووە.

ش.ف