ئاسایشی سلێمانی تائێستا ئاوارە ڕۆژئاواییەکەی ئازاد نەکردووە

ماوەی دووهەفتەیە ئاوارەیەکی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیر کراوە و تائێستا ئازاد نەکراوە و داوای خانەوادەکەشی بۆ بینینی ڕەتدەکرێتەوە.


زیاتر لە دوو هەفتەیە بورهان زیاب جەمیل، کە ئاوارەیەکی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە لەلایەن ئاسایشی گشتی سلێمانییەوە دەستگیرکراوە، ئاسایش نە ئازادی دەکات نە دەشیداتە دادگا.

خانەوادەی بورهان کە لە کامپی ئاوارەکانی عەربەت دەژین، دووجار سەردانی ئاسایشی گشتی سلێمانییان کردووە بە مەبەستی ئەوەی بیبینن، بەڵام ئاسایش بە بیانوی ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە، ڕێگەیان بە خانەوادەکەی نەداوە چاویان بە بورهان بکەوێت، بە بەبراکەشیان وتووە: "هەرکات بانگمان کردن، ئەو کات وەرن".

جێگای ئاماژەیە، بورهان زیاب جەمیل، هاوسەرگیری کردووە و باوکی دوو منداڵە، هاوکات خاوەن کارتی پەنابەرییە، کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پێی بەخشراوە و لە ڕیستۆرانتێکی سلێمانی کاری کردووە.

ک.س