ئاسایشی سلێمانی مۆڵەت بە بەستنی کۆنگرەی تەڤگەری ئازادیی نادات

ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی ڕایدەگەیەنێت، ئاسایشی سلێمانی بەبێ "هیچ پاساوێک" ڕەتیدەکاتەوە مۆڵەت بەستنی کۆنگرەی تەڤگەر بدات، دەشڵێت: پابەند دەبین بە پەیڕەوی ناوخۆی خۆمان بۆ بەستنی کۆنگرە و بۆ ئەو مەبەستەش لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین.


لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بە فەرمیی داواکاریی مۆڵەتی بۆ بەستنی سێیەمین کۆنگرەی خۆی ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کردووە، دوای ئەوەی کە پارێزگای سلێمانی داواکارییەکەی ڕەوانەی ئاسایشی سلێمانی کردووە، دوێنێ ئاسایش سلێمانی وەڵامی داواکارییەکەی تەڤگەری ئازادیی داوەتەوە و ڕەزامەندی دەرنەبڕیوە کە مۆڵەت بدرێت تەڤگەری ئازادیی لەشاری سلێمانی کۆنگرە ببەستێت.

حسێن کەرکوکی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی و بەرپرسی کۆمیتەی دیبلۆماسیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بە ڕۆژنیوزی وت: دوێنێ ئاسایشی سلێمانی پێی ڕاگەیاندووین، کە بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی بەستنی کۆنگرەتان پێ نادەین.

حسێن کەرکوکیی ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئاسایشی سلێمانی "هیچ پاساوێکی" بۆ ڕێگرییەکە نەهێناوەتەوە و وتی: پێشتر ئیدارەی کەرکوک پێیان وتین کە دۆخی ئەمنیی شارەکە لەبار نییە، بۆیە بڕیارماندا کۆنگرە دوابخەین، بەڵام ئاسایشی سلێمانی هیچ پاساوێکیان پێ نەوتووین تا بزانین بۆچی ڕێگامان پێنادرێت کۆنگرە ببەستین.

ئەمە لەکاتێکدایە، ٣ی ئایاری ئەمساڵ تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ بەستنی سێیەمین کۆنگرە لە شاری کەرکوک کۆتایی پێهێنابوو، بەڵام بەوتەی وتەبێژی تەڤگەر "پاش هەماهەنگییان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک، بەهۆی نالەباریی دۆخی ئەمنییەوە" بەستنی کۆنگرەکەیان بۆ کاتێکی نادیار دواخست.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ کۆنگرەی دامەزراندنی بەستووە، ساڵی ٢٠١٧یش دووەمین کۆنگرەی خۆی بەستووە.

لە ٤ی ١٢ی ٢٠١٧وە وەک پارتێکی سیاسی لە تەواوی عێراقدا دانی پێدانراوە و مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە، بەڕێوبەرانی تەڤگەر چەندین جار جەختیانکردووەتەوە، کە هەر لە سەرەتای دامەزراندیانەوە داوای مۆڵەتیان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام وەزارەتەکە تاوەکو ئێستا وەڵامی داواکارییەکەی نەداونەتەوە.

ساڵی ٢٠١٨یش دوای ئەوەی مۆڵەتی فەرمیی حزبیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پێ بەخشرا، کۆنگرەی فەرمییەتی خۆیان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامدا، بەڵام بەو پێیەی بۆ فەرمییەتی مۆڵەتەکەیان کۆنگرەیان ئەنجامدا، هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە بەڕێوەبردنی تەڤگەردا نەکرا.

ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری داخستنی بارەگای ئەو حزبانەی دەرکرد، کە مۆڵەتی هەرێمی کوردستانیان نییە، ڕۆژی ٢٧ی هەمان مانگیش بڕیارەکە لەسەر تەڤگەری ئازادیی جێبەجێکرا و سەرجەم بارەگاکانیان لە سنووری هەرێمی کوردستان داخران.

سەرباری گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکانیش لە بەغدا و هەولێر و هەروەها هەوڵەکانیان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیی و ناوەندە جیهانییەکانیشەوە دژ بە داخستنی بارەگاکانیان، بەڵام هەتا ئێستا بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی بە داخراویی ماونەتەوە.

د.ع