دوای شاربەدەرکردنی حەسەن قاجار، ئاسایشی هەولێر هەڕەشەی شاربەدەرکردن لە ئەندامێکی دیکەی هەدەپە دەکات.
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، حیکمەت خاتیب، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشووری کوردستان لە بارەگای نوێنەرایەتییەکەیان لە شاری هەولێر، شاربەدەرکردنی ‘حەسەن قاجار’ئەندامی هەدەپە و خانەوادەکەیان لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە، شەمەزار کرد.
حیکمەت خاتیب، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە هەشت مانگ پێش ئێستا ئاسایشی هەولێر بڕیاریدا حەسەن قاجار لە هەولێر بکرێتە دەرەوە، وتیشی: حەسەن قاجار و ئێمەش وەک هەدەپە سەردانی بەرپرسانی ئاسایشمان کرد و ویستمان هۆکارەکەی بزانین، بەڵام هیچ هۆکارێکیان پێنەوتین.
وەک نوێنەرەکەی هەدەپە باسی کرد، حەسەن قاجار سەردانی نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکگرتووەکانی کردووە، نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاریداوە، کە لە هەولێر بەردەوامیی بە ژیانی خۆیان بدەن، بەڵام حکومەتی هەرێم گوێی بەو بڕیارەش نەدا و بە زۆر ئەو خانەوادەیەیان لە هەولێر درەکرد.
وتیشی:”ئەو ڕووداوە بۆ هەموو کورد شەرمێکی گەورەیە، سواری ئۆتۆمبێلیان کردن و بردنیان لە دێگەڵە دایاننان، ڕێگایان نەدان جلوبەرگیش لەگەڵ خۆیان ببەن”.
حیکمەت خاتیب، ئاشکرایکرد، لەدوای قاجار، ئاسایش ئەندامێکی دیکەی هەدەپەی بەناوی ‘گونگور ئاڵپ’ ئاگادارکردووەتەوە، کە هەتا ڕۆژی پێنج شەممە لە هەولێر بچیتە دەرەوە، ئەگەر نا بەزۆر دەری دەکەن.
هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی هەدەپە، داوای کرد، کە پەدەکە دەست لەو کارانە هەڵگرێت و وتیشی: ئێمە وەک هەدەپە، ئەو بڕیارانەی لەدژی ئەندامەکان دەدرێن، وەک بڕیار لەدژی خۆمانی دەبینین، داوا لە هاوڵاتیانیش دەکەین، ئەو مامەڵانە قبوڵ نەکەن.
ش.ف