ئاسایشی پارتی لە پێشێلکارییە یاساییەکانی بەردەوامە و وەڵامی دادوەر ناداتەوە

ئاسایشی پارتی لە پێشێلکارییە یاساییەکانی بەردەوامە و وەڵامی ئەو بریکارنامەیە ناداتەوە کە دادوەری ئاسایشی هەولێر ئاراستەی کردووە بۆ ئەوەی بڕیار محەمەد، پەیامنێری ڕۆژنیوز کە ماوەی ١٥ ڕۆژە دەستگیرکراوە پارێزەر بۆ خۆی دیاری بکات، پارێزەریی دۆسیەی پەیامنێرانی ڕۆژنیوزیش دوایین زانیاری لەبارەی هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی پەیامنێرەکان دەخاتەڕوو.


ڕۆژی ٢١ی مانگی ڕابردوو، بڕیار محەمەد، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز، لەشاری هەولێر، لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی دەستگیرکرا، تاکو ئێستاش ئاسایش ڕێگەی بەکەس نەداوە سەردانی بکات، ئەوەش لە کاتێکدایە زوبێر برادۆستی، پەیامنێرمان لە ٢١ی مانگی حەوتەوە لەلایەن هێزێکی پێشمەرگەی پارتییەوە دەستگیرکراوە و تا ئێستا ئازاد نەکراوە.

لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی بڕیار محەمەد، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز، ئاژانسەکەمان لە ڕۆژی ٢٥ی مانگی ڕابردوو لە ڕێگەی پارێزەر (گۆران زاهیر) بە واژۆی دادوەر مەسعود خزر مەحمود، بریکارنامەی تایبەت بە داوای سزایی ئاراستەی ئاسایشیی هەولێر کرا بۆ ئەوەی (گۆران زاهیر) ببێتە پارێزەری بڕیار محەمەد، بەڵام تا ئێستا ئاسایشی هەولێری سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی ئەو دادوەرەی نەداوەتەوە.

لەو بارەیەوە گۆران زاهیر، پارێزەر بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند بە گوێرەی یاسا دەبوو ئاسایشی هەولێر لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا وەڵامی ئەو دادوەرەی بدایەتەوە، بەڵام دوای تیپەڕبوونی نزیکەی ١٠ ڕۆژ تا ئێستا ئاسایش وەڵامی ئەو دادوەرەی نەداوەتەوە کە ئەوەش پێشێلکاریی یاساییە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەگەرچی بانگەشەی ئەوە دەکرێت بڕیار محەمەد ئێستا لای ئاسایش نەماوە بەڵام دەبوو ئاسایش وەڵامی دادوەر بداتەوە.

لەبارەی دوایین هەوڵەکانیش بۆ ئازادکردنی پەیامنێرانی ڕۆژنیوز، گۆران زاهیر، وتی: "ئەمڕۆ ستەم نامەیەکمان ئاراستەی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر کردووە بۆ ئەوەی وەڵام بداتەوە کە بە چ پاسا و ماددەیەکی یاسایی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەستگیرکراون و چارەنوسیان دیاری بکات، ئەوەشی خستەڕوو لە هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەنوسانە بەردەوام دەبن.

ک.س