ئاسایشی پارتی ٣ کەسیتری دەستگیرکرد

ئاسایشی پارتی  سێ کەسی دیکەی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان لە سنووری شیلادزێ دەستگیرکرد، کە یەکێکیان گەنجێکە بە ناوی ئەیاد ڕەمزی سەیدۆ و دوو کەسەکەیتر ناسنامەیان ئاشکرا نەبووە.


بە پێی ئەو زانیارییانەی لە سنوورەکەوە بە ڕۆژنیوز دراوە، ئەمڕۆ ئاسایشی دهۆک گەنجێکیان بەناوی ئەیاد ڕەمزی سەیدۆ لەگەڵ دوو کەسی دیکە دەستگیرکردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە لە ٢٨ی مانگی ڕابردووەوە چەندین کەس لە سنوورەکە دەستگیرکراون و تا ئێستا ١٨ کەسیان لە زیندانەکاندا ماونەتەوە.

ئەو سێ کەسەی ئەمڕۆ، لە کۆمەڵگەی سیرێ-ی سەربە شیلادزێ لە پارێزگای دهۆک دەستگیرکراون، بەڵام دیارنییە ڕەوانەی زیندانی کام شوێن کراون.

ئەوە لە کاتێکدایە، ٢٣ی کانوونی یەکەم دەوڵەتی تورک لە شارەدێی دێرەلووک کۆمەڵکوژییەکی پێکهێنا، کە تێیدا چوار هاوڵاتی شەهیدبوون و تائێستاش دوو هاوڵاتی  دیکە بێسەروشوێنن، لەبەرامبەردا ٢٦ی هەمان مانگ، هاوڵاتیانی سنوورەکە دژی بارەگاکانی دەوڵەتی تورک لە بادینان سەریان هەڵدا و بارەگایەکی سوپای تورکیان بە کەلوپەلە سەربازییەکانییەوە سووتاند، لەو خۆپێشاندانەدا منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵ بە گولـلەی سەربازەکانی تورک شەهید بوو، هاوڵاتیەکی بەتەمن بەهۆی بەرزی دەنگی فڕۆکەکانی جەنگییەکانی سوپای تورک گیانی لەدەستدا.

کاربەدەستانی باشوری کوردستان و بەرپرسانی پارتی، لە جیاتی پشتیوانی خواستەکانی هاوڵاتیان، بەڵێنیان بە دەوڵەتی تورک-دا کە هەموو خۆپێشاندەران سزا بدەن، دوای ئەوە زیاتر لە ٨٠ کەس دەستگیرکران کە ١٨ کەسیان هێشتاش ئازاد نەکراون.

س.ح