ئاسایش دەڵێت ئەندامەکانی یەکێتیان لەسەر شکاندنی قەدەغەی هاتووچۆ دەستگیرکردووە

لەڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران دەڵێت، کە سێ هاوڵاتی دۆڵی باڵەیانی سەر شارەدێی قەسرێ بەهۆی شکانی قەدەغەی هاتووچۆ و گواستنەوەی خەڵک بە قاچاغ دەستگیرکران، بەڵام لەلایەن هەندێک کەسەوە لێکدانەوەی دیکەی بۆ کراوە.


دوێنێ، لەلایەن ئاسایشی سۆرانەوە، دوو پێشمەرگەو کادرێکی یەکێتی دەستگیرکران.

وریا وەسانی، بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لەقەسرێ بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەوانەی دەستگیرکرابوون دوو پێشمەرگە بەناوەکانی ڕەمزان ئەسکەندەر و کارۆخ بەکر، لەگەڵ لێپرسراوی بنکەی ئازادیی لاوانی قەسرێ بەبێ بڕیاری دادوەر و بەبێ هیچ پاساوێک دەستگیرکران.

بەڵام بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: دوێنێ شەو سێ هاوڵاتی دۆڵی باڵەیان سەر بە ناحیەی قەسرێ بەهۆی شکاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و هەروەها گواستنەوەی خەڵک بە قاچاخ لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکران،

هیچ هۆکارێکی دیکە بۆ دەستگیرکردنی ئەم هاوڵاتیانە نەبووە و خودی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەش دەزانن ئەمانە بۆ دەستگیرکران، بەڵام بەداخەوە کەسانێک ئەم بابەتانە یەکسەر دەخەنە قاڵبێکی سیاسییەوە و ڕێگریی لە جێبەجێکردنی یاسا دەکەن.

ئاسایشی سۆران، لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: بەهۆی ئەو کەشەی خوڵقێندرا ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی بەرێز سەرۆکی حكومەت ئەو سێ کەسە ئازاد کران، ئەوەش دوای ئەوەی بەرێز جێگری سەرۆکی حکومەت ئەم داوایەی ئاراستەی بەڕێزیان کردبوو.

 د.ع