ئاسایش ٢٤ کاتژمێر مۆڵەت بە تەڤگەری ئازادیی دەدات

ئاسایشی سلێمانی ٢٤ کاتژمێر مۆڵەت دەداتە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و ئەگەر لەو ماوەیەدا مۆڵەتی فەرمیی وەرنەگرن، ئەوا بارەگاکەیان دادەخات.


دوای گەمارۆدانی بۆ ماوەی سێ کاتژمێر، کەمێک پێش ئێستا هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی بارەگای تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستانیان چۆڵ کرد.

هێزەکانی ئاسایش بە بەڕێوەبەرانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانیان ڕاگەیاندووە، کە پێویستە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا کاروباری فەرمیبوونی خۆتان جێبەجێ بکەن، ئەگەر نا بارەگاکەتان دادەخەین.

ئەمە لە کاتێکدسایە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە دەستپێکی دامەزراندنییەوە داوای مۆڵەتی فەرمیی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام وەزارەتەکە مۆڵەتی پێنادات.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە ڕۆژی ١٧/١٠/٢٠١٤ دامەزراوە و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا بەبیانووی نەبوونی مۆڵەت و هەبوونی بیروڕای جیاوازەوە لە دەسەڵات، چەندین ئەندامیان دەستگیرکراون و ئاستەنگیی بۆ کار و چالاکییەکانیان دروستکراوە، بەڵام لە ٤/١٢/٢٠١٧ بە فەرمی وەک پارتێکی سیاسی لە تەواوی عێراقدا دانی پێدانراوە و مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک، بڕیارێکی بڵاوکردبووەوە، کە بەپێی بڕیارەکە دەبێت و ئەو حزب و ڕێکخراوە سیاسییانەی مۆڵەتیی فەرمییان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە، دەبێت بارەگاکانیان دابخەن و ڕێگا بە چالاکییەکان نادرێت.

ش.ف