ئاسۆس عەلی: ڕۆژ بەڕۆژ خواست لەسەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی زیاتر دەبێت

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی، ڕایدەگەیەنێت، پرسی كۆنگرەی نەتەوەیی پرسێكی گرنگی نێو كۆمەڵگای كوردییە و ڕۆژ بەڕۆژیش خواست و داواكاری لەسەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد زیاتر دەبێت، هاوکات لە بارەی پەیوەندی حیزبەکەی لەگەڵ پارتی دەڵێت: پەیوەندییان لەگەڵ پارتی پەیوەندیەكی ئاساییە و لە ئایندەیەكی نزیكیشدا لەسەر كۆی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان دەگەنە ڕێككەوتن.


ئاسۆس عەلی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی شەشی یەكێتی لە سۆران، لە بارەی گرنگی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی و پەیوەندییەکانی حیزبەکەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئێستادا بۆڕۆژنیوز دووا.

لە بارەی یەکێتی نەتەوەییەوە ئاسۆس عەلی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، ڕاگەیاند: بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سیاسی ناوچەكە و هەرێم و عێراق، ئەوە دەخوازێت كەوا هەمووان بیر لەبەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بكەینەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تێڕوانینی ڕۆشنە و هاوكاری هەموو هێزو لایەنە سیاسیەكان دەبێت بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی.

وتیشی: یەكێتی پڕۆژەی نیشتیمانی خۆی بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی ئامادە دەكات، چونكە كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكان دەبێتە وێستگەیەكی گرنگی كاری سیاسی، بەتایبەت كۆنگرەی نەتەوەیی گوتاری سیاسی كورد ڕێكدەخات ئەمەش كارێكی باشە و یەكێتی پشتیوانی لێ دەكات، بەپێچەوانەشەوە نەبەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی چارەسەری بنەڕەتی كێشەكانی كورد دوادەخات.

لە بارەی پەیوەندییەکانی حیزبەکەشی لەگەڵ پارتیدا ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژەی بەوەکرد کە لە ئێستادا پەیوەندییان لەگەڵ پارتی پەیوەندیەكی ئاساییە و لە ئایندەیەكی نزیكیشدا لەسەر كۆی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان دەگەنە ڕێككەوتن.

هاوکات ڕەخنەی ئەوەشی گرت کە تاوەكو ئێستا ڕێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت بەخواستی یەكێـتی جێبەجێنەكراوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە بەهیچ شێوەیەك لە كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی بەفەرمی ئاماژە بەكشانەوەی یەكێـتی نەكراوە لەحكومەت و سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم.

ئاسۆس عەلی، باسی لەوەش کرد کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا شانۆی سیاسی لەهەرێمی كوردستان بەرزی و نزمی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش كاریگەری كردۆتە سەر ژیانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی تاك بەتاكی هەرێمی كوردستان.

ئەوبەرپرسەی یەكێتی، وتیشی: لەئایندەیەكی نزیكدا یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە و چارەسەری كێشەی كەركوك و پشكەكانی یەكێتی لەحكومەت تاوتوێ دەكەن، گەشبینیشە بەوەی كە لەیەك تێگەیشتن لەنێوانیاندا هەیەو دەتوانن چارەسەری كێشەی نێوانیان بكەن.

ک.س