دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڕگەی”لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان”ی بۆ دانیشتنەکەی ئەمڕۆ زیاد نەکرد و پەرلەمانتار ‘ئاشنا عەبدوڵا’ش و دەڵێت: دەبێت پەرلەمان لەژێر هەیمەنەی بڕیارە نایاساییەكانی حكومەت بێتە دەرەوە و چیتر شەرعاندن بۆ كارەكانی حكومەت نەكات.
دوێنێ ١٧ پەرلەمانتار لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاداشتێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد و داوایانکردن بڕگەی “لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان”، بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانەوە، بەڵام بە بیانووی ئامادەنەبوونی حکومەت، ئەو بابەتە نەخرایە بەرنامەی کارەوە.

ئاشنا عەبدوڵا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان بە نوێنەرایەتیی ئەو ١٧ پەرلەمانتارە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا وتی: هەموو حزبە سیاسییەكان و حكومەت و شاندی دانوستانكاریش شانازیی بەڕێككەوتن دەكەن لەگەڵ حكومەتی عێراق و بەدەستكەوتی پێناسە دەكەن، بەڵام سیاسەتی لێ بڕینی مووچە هەربەردەوامە.
جەختیشیکردەوە، کە ئەوان سوور دەبن لەسەر فشارەكانیان و داوا دەكەن پەرلەمان لەژێر هەیمەنەی بڕیارە نایاساییەكانی حكومەت بێتە دەرەوە و چیتر شەرعاندن بۆ كارەكانی حكومەت نەكات.
ئاشنا عەبدوڵا، وتیشی دەبێت پەرلەمان دەسەڵاتەكانی خۆی بەكاربهێنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێ بڕینی مووچە، چونكە پەرلەمان دەسەڵاتی سەربەخۆی هەیە و دەبێت ڕۆڵی لەو بواردە هەبێت.
دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.