نیچیرڤان بارزانى سەردانى بەغدای کردو لەگەڵ دەسەڵاتدارانى عێراق کۆبووەتەوەو پێش سەردانەکەش بە ئاگاداری و گفتوگۆ بووە لەگەڵ دەوڵەتى تورک.
ئەمڕۆ نیچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغداو لەگەڵ دەسەڵاتدارانى حکومەتى عێراق و چەند لایەنێکی سیاسی کۆبووەتەوەو سەرەتا لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشى نیشتیمانى عێراق کۆبووەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەى کە رۆژنیوز لە سەرچاوەیەکى تایبەتەوە دەستیکەوتووە نێچیرڤان بارزانى پێش سەردانەکەى ئەمرۆی بۆ بەغدا لەگەڵ دەوڵەتى تورک گفتوگۆیان کردوەو دواتر سەردانى بەغدای کردوە.
هاوکات سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەکرد، ئامانجی سەردانەکەى سەرۆکى هەرێم پەیوەندی بە پرسە ئەمنییەکانەوە هەبووەو لەگەڵ بەغدا دەیانەوێت بە هاوبەشی پرسی سنورەکان چارەسەر بکەن، چونکە بەبێ هەرێم ئەو پرسە چارەسەر نابێت.
دەشڵێت” هەڕەشەکانى تورکیاو ئێران لەسەر عێراق جدین، بۆیە پێش ئەوەی ئەوان هەنگاو بنرێن پێویستە کێشەکان چارەسەر بکەن، نیگەرانییەکانى ئەنقەرەو تارانیش بڕەوێننەوە”.
هاوکات پەرلەمانتارێکى کورد لە پەرلەمانى عێراق کە نەیویست ئاشکرا بکرێت بە رۆژنیوزی راگەیاند، راستە پرسی ئەمنی بەشێکی سەرەکى گفتوگۆکانی شاندی هەرێمە بۆ بەغدا،سەردانەکەى سەرۆکى هەرێم پرسی دیکەشی لە خۆ گرتووە تەنیا ئەمنی نییە.
روونیشیکردەوە، سەردانەکەى سەرۆکی هەرێم بەشێکی پەیوەندی بەو رێکەوتنە سیاسییەوە هەیە کە پێش پێکهێنانى حکومەت لایەنەکان لەسەری رێککەوتوون کە پێویستە جێبەجێ بکرێن.
بەڵام بەپێی زانیارییەکان سەردانەکەى هەرێم پەیوەندی بەو پرسانەوە نییە، چونکە ئەوە پرسێکە پەیوەندی بە حکومەتى هەرێم و وەزارەتى دارایییەوە هەیە، بۆ ئەوەش شاندێکى حکومەت کە جیاوازە لە شاندەکەى سەرۆکی هەرێم ئێستا لە بەغدایە، بۆیە سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى لەسەر پرسە ئەمنییەکان و بەتایبەت هەڕەشەکانى تورکیاو ئێرانە.
پێشتر چەند میدیایەکى عێراق ئەوەیان ئاشکرا کرد، کە هەفتەى رابردوو هاکان فیدان سەرۆکى دەزگا سیخوڕی میتی تورک بە نهێنی سەردانى بەغدای کردوەو لەگەڵ سەرۆک وەزیران و دەزگای هەواڵگیری عێراق کۆبووەتەوە.
هەر لەم مانگەدا شاندێکی پەدەکە بە نهێنی سەردانى تورکیای کردوەو لەگەڵ هەندێک بەرپرسانى دەوڵەتى تورک کۆبوونەتەوە، بەڵام تائێستا ئامانجى ئەو سەردانە نەزانراوە بۆ چی مەبەستێک بووە.
ئەو سەردان و کۆبوونەوانە لەکاتێکدایە لەلایەک دەوڵەتى داگیرکەری تورکیا هەڕەشەى هێرشی داگیرکاری بۆ سەر هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەکات و لەلایەکى دیکەشەوە رژێمی ئێران لەسەر سنورەکانی باشوری کوردستان هێزێکی سەربازی بە چەکی قورسەوە جێگیر کردوەو هەڕەشەی ئەنجامدانى هێرشی زەمینی بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکەن.
هەر لەسەر پرسی هێرشەکانى دەوڵەتى داگیرکەری تورک، لەچەند رۆژی رابردوودا پەدەکە پێشنیازی ئەوەیان بۆ دەوڵەتى تورک کردوە، لەجیاتى ئەوەى دەوڵەتى تورک سوپای تورکیا جێگیر بکات لەناو هەرێم، ئەوان بە درێژایی ئەو ناوچە سنوریەکانى برادۆست و بادینان هێزی زێرەڤانی جێگیر بکەن یان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پاسەوانى سنوری عێراق.
لەبەرامبەردا دەوڵەتى تورک ئەو پێشنیازەى پەدەکە رەتکردوەتەوە، چونکە لە ئەساسدا دەوڵەتى تورک سورە لەسەر ئەوەى هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان و خاکی زیاتر داگیر بکات،هەروەها دەوڵەتى تورک بەلایەنی عێراقی راگەیاندوە ئەو تەنیا بە مەرجێک هێرش ناکات کە لە سنورەکانى هەرێم سوپای عێراق جێگیر بکرێت، بەڵام پەدەکە ئەوەى رەتکردوەتەوە، چونکە پەدەکە مەترسی لەسەر ناردنى هێزی عێراقی هەیە، بۆیە نێچیرڤان بارزانى بەوهۆیەوە سەردانی بەغدا کردوە.