"ئامانج لەسەر داگیرکاریی تورکیا کاری کردووە بۆیە دەستبەر کراوە"

برایەکی ڕۆژنامەنووسی دەستبەسەرکراو (ئامانج ئەحمەد) ڕایدەگەیەنێت، کە ئامانج ویستویه‌تی بۆ بابه‌تێكی ڕۆژنامه‌نووسی له‌سه‌ر داگیركاریی ده‌وڵه‌تی فاشیستی داگیركه‌ری توركیا سه‌ردانی ناوچه‌ی برادۆست بكات،  ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منی ئه‌و ناوچه‌یه‌ قبوڵكراونییه‌، بۆیه‌ ده‌ستبه‌سه‌ری ده‌كه‌ن به‌بێ بوونی هیچ لادانیك له‌ پیشه‌كه‌ی.


ئەمڕۆ، ئاسۆس ئەحمەد، برای ڕۆژنامەنووس ئامانج ئەحمەد، پەیامنێرى ماڵپەڕی سبەی و کەی ئێن ئێن، کە دوێنێ لەلایەن ئاسایشی سۆران-ی سەر بە پارێزگای هەولێرەوە دەستبەسەر کرا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

ئاسۆس، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئامانج "له‌كاتی به‌جێگه‌یاندنی كارێكی ڕۆژنامه‌وانی له‌ ناوچه‌ی برادۆست له‌لایه‌ن ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شارۆچکەی سۆران به‌ به‌هانه‌ و بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك ده‌ستگیر كراوه‌".

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:"هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتدارن له‌ به‌هانه‌دان بۆ ده‌سته‌مۆ و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئه‌وانه‌ی كاری ڕۆژنامه‌نووسی به‌ پڕۆفیشناڵی و له‌ خۆبردووانه‌ و ئازادانه‌ ده‌كه‌ن دوور له‌ سانسۆری ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌هۆی به‌رته‌سك بوونه‌وه‌ی كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌ره‌و دواوه‌ ڕۆیشتنی كاری میدیایی".

ئەوەش هاتووە:"ئامانج ئەحمەد هیچ كارێكی نایاسایی نه‌كردووه‌ و ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت ئه‌و ویستویه‌تی بۆ بابه‌تێكی ڕۆژنامه‌نووسی له‌سه‌ر داگیركاری ده‌وڵه‌تی فاشیستی داگیركه‌ری توركیا سه‌ردانی ناوچه‌ی برادۆست بكات، دیاره‌ ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منی ئه‌و ناوچه‌یه‌ قبوڵكراونییه‌ بۆیه‌ ده‌ستبه‌سه‌ری ده‌كه‌ن به‌بێ بوونی هیچ لادانیك له‌ پیشه‌كه‌ی".

باس لەوەش کراوە"له‌كاتیكدا كه‌ ڕۆژئاوای كوردستان له‌ژێر زه‌بری داگیركاریی و تۆپ و بۆمباران دایه،‌ كه‌چی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌رداری هاوسۆزیی نابێت بۆ وڵاتی داگیركاری توركیا جگه‌ له‌وه‌ش له‌ هه‌رێمی كوردستان توركیا بووه‌ته‌ هۆی نا ئارامی و دڵه‌ڕاوكێی خه‌ڵكی كوردستان".

ئاسۆس لەسەر ناوی بنەماڵەکەیان ڕایدەگەیەنێت"سه‌لامه‌تی گیانی ڕۆژنامەنووس (ئامانج احمد ) له‌ ئه‌ستۆی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و خودی سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی ناوخۆ دایه‌، هه‌ر هه‌ڵوێستێكی نابه‌جێش به‌رانبه‌ری بكرێت كاردانه‌وه‌ی جدییمان ئه‌بێت".

لە کۆتاییشدا بانگەوازیی کردووە لە ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و چالاكوانانی بواری كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕۆژنامه‌نووسان و ئازادییخوازان فشاری زیاتر بخه‌نه‌ سه‌ر ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ به‌زووترین كات ئازادبوونی ئامانج ئەحمەد.

ش.ف