ئامێدی، لەکاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێکی سەربازانی تورک تەقینەوە ڕوویدا

لە نزیکی شارەدێی سەرسنگ لە ناوچەی ئامێدی، لە کاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێک کە سەربازانی دەوڵەتی تورک تێدابوون تەقینەوەیەک ڕوویدا، کە دەوترێت کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.


بە گوێرەی سەرچاوە هەرێمییەکان، کە بە ڕۆژنیوزیان ڕاگەیاندووە، ئەو ڕووداوە ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای شارەدێی سەرسنگ-ی سەربە ناوچەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک ڕوویداوە.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، کە کاتێک ئۆتۆمبێلەکەی سوپای تورک بە ڕێگای دهۆک بۆ ئامێدیدا تێپەڕبووە، تەقینەوەکە ڕوویداوە، هەروەها وتراوە کە تەقینەوەکە کوژراو و برینداریشی لێکەوتووەتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، هەرچەند زانیارییەک لەسەر ژمارەی کوژراو و بریندارەکەن دەستنەکەوتووە، بەڵام سوپای تورک بریندارەکانی گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە دهۆک.

دوای تەقینەوەکە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک دەوروبەری شارەدێی شیلادزێیان بۆردوومان کردووە.

س.ح