ئامەد، پۆلیسی دەوڵەتی تورک هەڵیکوتایە سەر ناوەندێکی ژنان

لە شاری ئامەد پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانیدا بۆ پاکتاوکردنی سیاسیی گەلی کورد هەڵیانکوتایە سەر کۆمەڵەی ژنانی ڕۆس و سەرۆکی کۆمەڵەکە و چەند کەسێکی دیکەی دەستگیر کرد.


ئەمڕۆ پۆلیسی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، لەشاری ئامەد، هەڵیانکوتایە سەر کۆمەڵەی ژنانی ڕۆسا و دەرگای کۆمەڵەکەیان شکاند و چوونە ناو بارەگای کۆمەڵەکەوە و دەستیانکرد بە تێکوپێکدانی کەلوپەلی ناو کۆمەڵەکە و دەستیانگرت بەسەر نووسراو و بەڵگەنامەکانی کاری کۆمەڵەکەدا.

کۆمەڵەی ژنانی ڕۆسا، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە "لەوکاتەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەڕێوەدەچێت، کۆمەڵەکەمان لە ڕۆژی دروستبوونیەوە تاوەکو ئێستا بەبێ پسانەوە لە دژی ئەو توندوتیژییانە کاریکردووە و رانەوەستاوە، ئێمە ئەو پێشێلکارییە قبوڵ ناکەین، کە لە دژی کۆمەڵەکەمان ئەنجامدراوە، ئێمە سەر دانانەوێنین بۆ سیاسەتی گوشار و لەناوبردنی سیستمی باڵادەستیی پیاو و ئەو دژایەتییەی بەرامبەر بە دەستکەوتانی ژنان ئەنجامی دەدەن و بەهێزترەوە درێژە بە تێکۆشانەکەمان دەدەین، داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین، کە پشتیوانی لە کۆمەڵەی ڕۆسا بکەن، دەشبێت هەڤاڵە دەستگیرکراوەکان بە خێرایی ئازاد بکرێن". لە ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسیی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد ئەم کەسانە دەستگیرکراون: نارین گەزگۆر، ئەندامی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ژنانی ڕۆسا لە ڕوحا، ئایلا ئاکات، ئاتا ئەندامی دامەزرێنەری کۆڵەی ژنانی رۆسا لە ئامەد، عەدالەت کایا، سەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆسا، گولجیهان، شیمشەک و زەلال بیلگین چالاکوانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا)، محەمەد ئارسلان هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی هەرێمەکان (دەبەپە)، ئۆزلەم گیوندوز، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی هەدەپە، رەمزییە سزجی و قاسم کایا هاوسەرۆکانی هەدەپە لە یەنیشەهیر، عەلی ئالتنکایانیک ئەندامی هەدەپە، سیاسەتمەدارانی کورد جەلال یۆڵداش و نازیلە تورسوس دەستگیرکراون.

ک.س