خهڵکی گوندەكانی باڵەكایەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستیان کردووه بە زبارە دێ چڵوو “هەرەوەزی هەڵپاچین و کۆکردنەوەی گەڵای دار”، كە ساڵانە بەر لە وەرینی گەڵاكانی داری مازو و بەڕوو دەستپێدەكات و بەشێوەی هەڵپاچین، كەڵ و لقی زیادەی دارهکان بە گەڵاكانەوە لێ دەكرێتەوە و لەشێوەی كۆما دایدەنێن و پێی دەڵێن دێوە چڵوو.
لە باڵەكایەتی وەزری ئامادەكارییەكان بۆ زستان، لەلایەن ئاژەڵداران و مەرداران دەستیپێكردووە، لەو ناوچانەی سەرماوسۆڵە و بەفربارینی زۆر ڕووی تێدەكات، ئاژەڵداران بەشێوەی هەرەوەزیی سەرقاڵی زبارە چڵوون “هەرەوەزی هەڵپاچین و کۆکردنەوەی گەڵای دار” بۆ ئەوەی خۆراك بۆ ئاژەڵەكانیان دابینبكەن.
هۆگر هەمزە، یەكێك لەو كەسانەی لە زبارەی دێوە چڵوو بەشدارە، بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: ئێمە ساڵانه بە بەشداریی خزمان و دۆستان و دانیشتووانی دێهاتەكەمان ئەم كارە هەرەوەزییە دووبارە دەكەینەوە، ڕۆژێك دیاری دەكەین بۆ ئەوەی زبارەی چڵوو بكەین، ئەوانەشی بەشداریی لەم كارە هەرەوەزییە دەكەن، هەركەسە و لە ماڵی خۆی داسێك دههێنێت و كارێك دەكات تا ئێوارە.
كارەكان جۆراوجۆرن و هەر یەكە و ئەركێكی پێ دەسپێردرێت، هەیانە چڵوو بڕی پێ دەڵێن، هەشیانە مەڵۆكە واتا چڵووەكە كۆ دەكاتەوە، بەشێكیشیان لە شوێنی بڕینەكە دەكێشنەوە لای دێ چڵوو و یەكێكیش لەوێ بە كنۆر چڵووەكە بەرز دەكاتەوە دەیدات بەو كەسەی دێ چڵوو دادەنێت، كۆی ئەم پرۆسەیەش دوو سودی هەیە، یەكێكیان لە وەرزی زستان دەبێتە لەوەڕ بۆ ئاژەڵكەكانیان و سودێكیش ئەوەیە كە دارەكان پاك دەبنەوە و لق و پۆپەكانیان لە وشكبوون دەپارێزێن و دارە وشەكەكانیان لێ دەبنەوە.
بەوتەی ئەو مەڕدارە، ئەوكارە سوودێكی زۆریشی بۆ ژینگەپارێزیی هەیە، بە پێچەوانەی هەموو ئەو كەسانەی كە دەڵێن زیان بەر دارەكە دەكەوێت، چونكە تا زیاتر ئەم چڵوەی لێ بكرێتەوە، قەدی سەرەكی دارەكە ئەستور تر دەبێت و باشتر خۆی لە بهرامبهر شكان و وشكبوون دەگرێت.
هەڤاڵ دێڵزە، كە خاوەنی زبارەكەیە و هەمووان هاوكاری دهکهن، دەڵێت:”ئەمڕۆ زبارە چڵووە، ساڵانە زبارەی چڵووی دەكەین و دەبێت هەموو ساڵێك زیاتر لە نزیكەی ٢٠ دێ چڵوو دروست بكەین و كۆی بكەینەوە، ئەگەرنا لە وەزری سەرماو سۆڵە بێ ئالیك دەمێنینەوە”.
دەشڵێت:”لەم چەند ساڵەی دواییدا وشكەساڵیی دەستیپێكردووە و لەوەڕ و ئالیك كەم بووەتەوە و نرخی زۆر زیادیكردووە، بۆیە دەبێت ئەم چڵووە كۆبكەینەوە و لە وەرزی زستان و لەكاتی بەفربارین بیدەین بە ئاژەڵەكانمان، حكومەت هاوكاری ئاژەڵداران نییە لە پێدانی ئالیك و ئەو شتانەی پێویستین و ئاژەڵداریی ئاسان دەكەن، بۆیە ناچارین بەشێكی وەرزی نەبوونی لەوەڕ بەم شتانە بۆ ئاژەڵەكان بەسەر ببەین”.
ئاماژە بەوەش دەكات، كە ئەم زبارە و كارە هەرەوەزییانە، گیانی هاوكاریی و تەبایی لە نێوان هەموو گوندنشینان زیاتر دەكات، “چونكە هەموومان بەیەكەوە بۆ كارە گشتییەكان هاوكاریی یەكتری دەكەین و ئەوەش وا دەكات، كارەكان لە بەیانییەوە تا ئێواران هەم بە خۆشیی و هەمیش بە ئاسانتر تەواو ببن”.
س.س