ئاگرێكی گەورە بەهۆكارێكی نادیار لە گوندی گوڵانی سەر بە شارەدێی سمیلان لە سنوری شارۆچكەی چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر دەكەوێتەوە و بەوهۆیەوە زیانێكی زۆری لە سروشت و ژینگەی ناوچەكەو بەرهەمی دانەوێڵەی ئەمساڵی هاوڵاتیان داوە، هاوڵاتیانی ناوچەکە گوماندەکەن بە مەبەست ئاگرەکە کرابێتەوە.
دوێنێ، لە گوندی گوڵانی سەر بە شارۆچكەی چۆمان لە سنوری پارێزگای هەولێر، ئاگرێكی گەورە كەوتەوە و بووە هۆی سوتانی روبەرێكی زۆری پوش و پاوان و باخ و ڕەەزی هاڵاتیان و جیا لەوەش ڕووبەرێكی زۆری دارستانی خۆرسك لەناوچوون.
ئادەم ئەحمەد، گەنجێكی دانیشتوی گوندی گوڵانە لە شارەدێی سمیلان دەڵێت: بە هۆكارێكی نادیار تەواوی بەرهەمی دانەوێڵەی ئەم ساڵ كە بەرهەمی ماندووبوون و ڕەنجی ساڵێكم بوو، سووتاوە و لەناوچووە، گومانمان هەیە ئاگرەكە بە ئەنقەست بوبێت، چونكە هیچ كەسێك لەو ناوە نزیك نیە و دەبێت كەسانێك تایبەت هاتبن بۆ ئەنجام دانی ئەم كارە.

دەشڵێت: چەندین دۆنم زەویمان بە دانەوێڵە داچاندبوو، ڕووبەرێكی زۆری پاوان و باخی تری هاوڵاتیان سوتاوە و ئێمە خۆمان تەنیا لە بەهارەوە تا بەرهەمەكە پێگەیشت و دروێنەمان كرد زیاتر لە شەش ملیۆن دینارمان لێی خەرج كرد، كە دەبوو بۆ زستانی ئەم ساڵ ئالیك و بۆ ئاژەڵان دابین بكەین بژێوی ژیانی خۆشمان لەسەر ئەم دانەوێڵەیە و هیچ موچەو داهاتی ترمان نیە.
بەوتەی ئەو هاوڵاتییە، سەرەڕای ئەوەی زیانی زۆر بەر خاوەن باخ و ڕەزو دانەوێڵەی هاوڵاتیان كەوتووە، زیانێكی زۆریش بە ژینگە و سروشتی ناوچەكە گەیشتووە كە داری مازو و بەڕوو هەبووە تەمەنی زیاتر لە ١٠٠ بۆ ١٥٠ ساڵ بووەك بەڵام بەهۆی ئەم ئاگرە سوتان و لەناوچوون و چەندین داری تریش سوتاوە و زیانێكی زۆریش بەر دارستانی خۆرسكی كەوتووە.
ئەمیر یوسف، یەكێكی تر لەدانیشتوانی سنورەكەیە و لەوبارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: ئاگرەكە زیانێكی زۆری لە هاوڵاتیان و گوندشینانی سنوری شارەدێی سمیلاندا، لە ناوچەكەمان ڕووداوی ئاگر كەوتنەوە زۆر هەبوونە، بەڵام هیچیان وەك ئەمەی ئەمجارە نەبووە بەجۆرێك ئاگری ئەمجارە بەرهەمی رەنجی چەندگەنجێك لە ماوەی چەند كاتژمێرێك هەمووی لەناو چوون و گەڕانەوە خاڵی سفر، بۆیە پێویستە حكومەت لێكۆڵینەوە بكات لەم ئاگرەو هەركەسێك ئەنجامی دابێت دەبێت مافی زیان لێكەوتوانی لێ وەرگرنەوە و سزا درێت.

ساڵانە لە وەرزی هاوین و گەرما چەندان جار رووداوی ئاگر كەوتنەوە لە رەز و باخ و پان و خەرمانی كشتوكاڵی گوندنشینانی باڵەكایەتی دەكەوێتەوە، زۆربەی ئاگرەكان بەهۆی هەوڵی خەڵك و خاوەن باخەكان زوو كۆنترۆڵ دەكرێن، بەڵام ئەو ئاگر كەوتنەوە تەواوی خەرمانی ئەو گوندنشینەی سووتانەدوە و زیانی زۆری بەركەوتووە، بەوتەی هاوڵاتیانی ناوچەكە بەرگری شارستانی سمیلانیش كاتێك گەیشتۆتە شوێنەكە تەواوی بەروبوومە كشتوكاڵیە كە سووتاوە و نەیانتوانیوە هیچ شتێك رگاربكەن.
س.س