یەكشەممە, 17 يون 2018 – 09:44 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
دەنگی گەلی کورد لە باکوری کوردستان لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیراندا دەتوانێت ببێتە وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارە، لەم سێ ساڵە ڕابردوودا هیچ جۆرە هەڕەشە و بێڕێزییەک نەما کە ئەردۆغان لە دژی گەلی کورد نەیکات، دوابەدوای هەر یەکێک لەو هەڕەشانەشدا، هێرش و کۆمەڵکوژیی بۆ سەر گەلی کورد ئەنجامدراوە، ئەردۆغان بەو قسانەیەوە، لە شەنگالەوە تا عەفرین و لە موسڵەوە تا کەرکوک و سلێمانی و شارەزوور و بادینانی کردووەتە ئامانج.
ڕێک لە کاتێکدا کە پەیوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی تورک زۆر باش بوون، بە بوون بە ڕۆژەڤی ڕیفراندۆم، هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی کرایە ئامانجێک بۆ هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک.
ئەردۆغان لە وڵاتی خۆیدا لاوازبووە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر تەنگەتاو دەبێت، بۆ ئەوەش هەوڵدان بۆ لەناوبردنی گەلی کورد و نەژادپەرستیی وەک چارەسەرسییەک هێناوەتە بەرچاو، ئێستاش بەبەهانەی پەکەکەوە هەوڵدەدات کە هێڕشەکانی بۆ سەر باشوری کوردستان بەرفراوان بکاتەوە، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیراندا دەنگی نەژادپەرستەکان وەربگرێت، کاتێک سەیری قسەکانی چەند ساڵی ڕابردووی ئەردۆغان دەکەین بەباشی لەمە تێدەگەین.
پاش ئەوەی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشیان ئەنجامدا، ئەردۆغان لە ڕۆژی ٢٨ی ١ی ٢٠١٥دا بەم شێوەیە ڕقی خۆی لە گەلی کورد دەربڕی:”پاش باکوری عێراق، ئەم جارە ئیدی باکوری سوریا قبوڵ ناکەین، ئەو شتە لە داهاتوویەکی نزیکدا کێشەی گەورە بۆ ناوچەکە دروستدەکات.
دواتر بێڕێزیی بە ئاڵای هەرێمی کوردستان کرد، لە ساڵی ٢٠١٧دا پارێزگاری کەرکوک بڕیاری دا کە ئاڵای کوردستان لە هەموو ناوەندە فەرمییەکانی ئەو شارە هەڵبکرێت، ڕۆژی ٢٨ی ئازار ئەو بڕیارە پەسندکرا و لە ڕۆژی ١ی ئایاردا ئاڵای هەرێمی کوردستان هەڵکرا، ئەردۆغان پێی قبوڵ نەکرا و کاردانەوەی پیشاندا:”جگە لە ئاڵای نەتەوەیی، هەڵکردنی هەموو ئاڵایەکی دیکە لە کەرکوک هەڵەیە، بانگەوازیی بەڕێوبەرایەتیی ناوچەی کوردنشین دەکەم، کە هەرچی خێراتر ئەو هەڵەیەیان قەرەبوو بکەنەوە، ئەگینا ناچاریان دەکەین هەنگاو بۆ پاشەوە بنێن”.
پاش ئەوەی بەڕێوبەرایەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دەرکرد، هەڕەشەکانی تورکیا زیاتریان کرد، ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو، لە ڕۆژی ١٨ی ئەیلولدا لە سنووری سلۆپی لە باکور و زاخۆ لە باشوری کوردستان مانۆرێکی سەربازیی سوپای تورک دەستیپێکرد، بۆ ئەوەش دەوڵەتی تورک لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێککەوت.
ڕۆژی ٢٥ی ئەیلول ڕیفراندۆمەکە بە ٩٢٪ دەنگی “بەڵێ” کۆتایی پێهات، ڕۆژی دواتر ئەردۆغان وتی:”ڕیفدراندۆم خیانەتێکە لە دژی تورکیا”.
ئەردۆغان پاش ڕیفراندۆمەکە بەمشێوەیە دوژمنایەتی خۆی لەگەڵ گەلی کورد دەربڕی:”ئەو کاتەی سەریکانیمان گرت، ئینجا هەموو شتێک کۆتایی پێدێت، هەموو داهاتووتان بێ ئەنجام دەمێنێتەوە، کاتێک بارهەڵگرەکانمان چیدی بار نەبەن بۆ باکوری عێراق، ئێوە چیدی خوارد و خواردنەوە نابینن”.
بەم شێوەیە ڕقی خۆی لە بەڕێوبەرایەتیی باشوری کوردستان دەربڕی و بێڕێزیی بە مەسعود بارزانی کرد:”دانیشە سەر شوێنی خۆت، چی دیکەت دەوێت مەگەر، ئێستا هەموو شتێکت هەیە…”.
هەڕەشەی داگیرکردنیشی کرد و وتی:”دەبێت لە شەوێکدا لەناکاو بچینە سەریان، بڕیاری ڕیفراندۆمی باکوری عێراق دەرفەتێکە بۆ وڵاتەکەمان، دەستووری فیدرالی عێراق ئەو ڕیفراندۆمە قبوڵ ناکات، با ئەوان بۆخۆیان بڕیاری بەتاڵ دەربکەن، دەبێت کاردانەوەی پێویستمان هەبێت لەدژیان، بۆری نەوتەکە لای ئێمەیە، کە گرتمانەوە ئینجا هەموو شتێک کۆتایی پێدێت”.
ئەردۆغان وازی لە شەنگالیش نەهێنا کە تازە کۆمەڵکوژیی بەسەرهاتبوو و لە ڕۆژی ١٩ی ئازاری ٢٠١٨دا وتی: شەنگال قەندیلی دووەمە، ئەگەر خۆتان شەنگال چارەسەرک دەکەن بیکەن، ئەگەر نەیکەین، خۆمان شەوێک لەناکاو دێین و چارەسەری دەکەین.
ڕۆژی ٨ی حوزەیرانیش هەڕەشەی لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی لە مەخمور کرد و وتی: ئەگەر لە عێراقەوە کێشەیەک بۆ تورکیا دروست ببێت، ئێمە کێشەکە لەگەڵ حکومەتی عێراق چارەسەردەکەین، کە بەغدا بڵێت چارەسەری دەکەم تەواوە، بەڵام ئەگەر بەغدا بڵێت من ناتوانم چارەسەری بکەم، ئێمە لە شەنگال و قەندیل دەدەین، یەکەم جارە ئەم قسەیە دەکەم، مەخمور زۆر گرنگە، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان کێشەی مەخمور چارەسەربکات.
هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر قەندیل لە ساڵی ١٩٨٣ وە بەردەوامە، بەڵام لە پێنج مانگی ڕابردووەوە هێرشەکان بەمەبەستی داگیردن بەردەوامیی پێدەدرێت، ئابووریی تورکیا ڕوو لە تێکشکانە، بۆ هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران هێزی ئەردۆغان کەمتربووەتەوە، بۆ ئەوەشە کە بە هێرش بۆ سەر قەندیل دەیەوێت دەنگی نەژادپەرستەکان و نەتەوە پەرستەکان بەدەست بێنێت.
ئەردۆغان ١١ی حوزەیران وتی: من باسی باکوری عێراق و شەنگال و قەندیلم کردبوو، لەو ناوچانەدا ئۆپەراسیۆنمان دەستپێکردووە، بە ٢٠ فرۆکە ١٤ بارەگامان پێکاوە، ٢٠ فڕۆکە چوون و لێیاندان.
لەم نێوانەدا هەڵوێستی گەلی کورد زۆر گرنگە، ئایا گەلی کورد ڕاستیی ئەردۆغان و حکومەتەکەی دەبینن یان نا؟ ئایا ئاگایان لێیە کە ئەردۆغان ڕۆژانە هەڕەشەیان لێدەکات؟ ئەوە ئاشکرایە، لە هەفتەی داهاتوودا زۆر شت ڕوون دەبێتەوە، دەنگی گەلی کورد لە باکوری کوردستان لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیراندا دەتوانێت وەڵامی هەموو هەڕەشەکانی ئەردۆغان بداتەوە.
ب.ل