ئەندامێكی لێژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كامپی مەخمور باس لە بێدەنگی وڵاتان بەرامبەر بە هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان، شەنگال و هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا دەكات، دەشڵێت: لەسەر كامپەكەش مەترسی گەورەی هێرش هەیە، چونكە خەڵكی مەخمور بەرخۆدانی زۆریان بەرامبەر ڕژێمی فاشیستی دەوڵەتی تورك هەیە و ئیرادەی خۆیان ڕادەستی ئەوان نەكردووە.
هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا، شەنگال و ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامە و سەبارەت بە دوایین هێرشەكانی سوپای داگیرکهری تورك و مەترسی ئەو هێرشانە بۆ سەر كامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی، بێوار ئونڤەر، ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەكانی دەڕەوەی كامپەكە وەڵامی پرسیارەكانی ڕۆژنیوزی دایەوە.
هۆكار و ئامانجی دوایین هێرشی دەوڵەتی داگیرکهری تورك بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، شەنگال و هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا چییە؟
بێوار ئونڤەر: شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ گەلی كورد و عەرەب و پێكهاتەكانی ناوچەكە بوو بە تروسكەی ئازادی، خەڵكی ناوچەكە ئازادی و مافە هاوبەشەكانی خۆیان لەم شۆڕشەدا دۆزیەوە. ئەم شۆڕشە هیوا و بڕوای گەلی كوردی بۆ گەیشتن بە قەوارەیەكی ئازاد دەستەبەر كرد. لە ساڵی ٢٠١٨ بەدواوە دەوڵەتی تورك هێرشەكانی بۆ سەر ڕۆژئاوا، شەنگال، هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا و مەخمور ئەنجام دەدات. ئامانجی دەوڵەتی تورك لە هێرشەكانی سەر عەفرین، گرێسیپی و سەرێكانی، لەناوبردنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد بوو، كە لە ڕۆژئاوا بەدەستهاتوون، هێرشەكانی دەوڵەتی تورك لە بەردوامی هێرشەكانی چەتەكانی داعشە، كە بە دەستی چەتەكان نەیانتوانی ئەنجامی بدەن و ئێستا خۆیان ئەنجامی دەدەن، ئەوان هەوڵیاندا لە ڕێگەی هەندێك كۆبوونەوەوە پاڵپشتی ئەمریكا، ڕووسیا و وڵاتانی دیكە بەدەست بهێنن، بەڵام كاتێك پشتیوانییان وەرنەگرت، بۆ ئهوهی ڕەوایی بە هێرشەكانیان بدەن، لە ناوچەی تەقسیم لە ئیستەنبوڵ بە دەستی چەتەكانی خۆیان تەقینەوەیەكیان ئەنجامدا. ئەو تەقینەوە پاساوێك بوو بۆ ئەوەی بتوانن هێرش بكەنە سەر ڕۆژئاوا، شەنگال و هەرێمەكانی پاراستی مەدیا. دەوڵەتێك، كە بە دەستی خۆی سەربازەكانی بسوتێنێت، چۆن ناتوانێت سیناریۆیەكي لەو شێوەیە دروست بكات!.
بەمجۆرە دیارە هێزە دەرەكییەكان گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەم هێرشانە داگیرساندبێت، ئێوە ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بێوار ئونڤەر: دەوڵەتی تورك ماوەیەكی زۆره لە هەوڵی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ ئەو هێرشانەدایه و هەموو هێرشەكانی سەر ڕۆژئاوای كوردستان بە مۆڵەتی هێزەكانی هاوپەیمانان ئەنجام دهدرێن. دەوڵەتانی زلهێز هەموو شتێك بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە ڕەوا دەزانن. ساڵانێكە لەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریكی بە بەبازاڕیكردنی بەرژەوەندییەكانی خۆیانن. بەرژەوەندی ئەوان لای كێ زیاتر بێت لەگەڵ ئەودان، هەر بۆیە چاویان لەسەر هێرشەكانی دەوڵەتی تورك دادەخەن.
شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە مرۆڤایەتییان لە چەتەكانی داعش ڕزگار كرد، بۆچی ئەمڕۆ جیهان لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی دژیان ئەنجام دەدرێت، بێدەنگە؟
بێوار ئونڤەر: ئەمە ڕاستییەكە، كە نە تەنیا گەلی كورد، بەڵكو هەموو جیهان دەیزانێت. هێزەكانی یەپەژە و یەپەگە و قەسەدە، مرۆڤایەتییان لە چەتەكانی داعش ڕزگار كرد، خەڵكی جیهان نابێت ئەمە لەبیر بكەن. ئەگەر ئەم هێزە كوردەیان نەبوایە، كێ مرۆڤایەتی لە چەتەكانی داعش ڕزگار دەكرد؟ پێویستە خەڵكی جیهان ئاگاداری گەلی كورد بن و چاویان لەسەر ئەو دڕندەییەى، کە بەرامبەر گەلی كورد ئەنجام دەدرێت دانەخەن.
وەك دەزانرێت كامپی پەنابەرانی مەخموریش لە ژێر مەترسی ئەو هێرشانەدایە، ڕوانینی ئێوە لەسەر ئەو بابەتە چییە و بانگەوازی ئێوە چییە؟
بێوار ئونڤەر: هێرشەكانی دەوڵەتی تورك، كە لە ئێستادا لە سەرتاسەری كوردستان لە بەرامبەر كوردانی ئازادیخواز ئەنجام دەدرێت، كوردێك، كە بە ناسنامەی نەتەوەیی، كلتوور، زمان و هەبوونی خۆیەوە بژی، دهکاته ئامانج. نەك هەر لە كوردستان، كورد لە هەر شوێنێكی جیهان بێت دەبێتە ئامانجیان. هێرشەكانی دەوڵەتی تورك لە ماوەی ڕابردوودا بۆ سەر كامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور)یش ئەنجام دراوە. بێگومان بۆ سەر كامپەكەش مەترسییەكی گەورەی ئەم هێرشانە هەیە، چونكە خەڵكی مەخمور بەرخۆدانی زۆریان بەرامبەر ڕژێمی فاشیستی دەوڵەتی تورك هەیە و ئیرادەی خۆیان ڕادەستی ئەوان نەكردووە. بە دڵنیاییەوە یەكێك لە ئامانجەكانی دەوڵەتی تورك مەخمورە. گەلی كورد بە گشتی پێویستی بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیه، که لەگەڵ شەرڤانانی ئازادی پێكەوە دژی هێرشەكان بۆ سەر مەخمور، شەنگال، ڕۆژائاوای كوردستان و هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا تێكۆشان بكەن و لە هەر گۆڕەپانێكدا بەخۆدان و تێكۆشان زیاد بكەن.
ڕ.ڕ