پێنجشەممە, 12 يول 2018 – 13:51 ڕۆژنیوز – خورماتوو
بەرەبەیانى ئەمڕۆ، هێزە عێراقییەکان لە ڕێگای سەرەکیی کەرکوک-بەغدا-وە لە سنووری خورماتوو بۆ ناوچەى زەرگەى ڕۆژئاوای شارۆچکەى خورماتووی سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدین، ئۆپەراسیۆنێکیان دژی چەتەکانى داعش دەستپێکرد.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەریەکە لە هێزەکانى بەرپەرچدانەوەى خێرا، ئۆپەراسێۆنەکانى دیالە-سەڵاحەدین و هێزێکى حەشدی شەعبی بەشدارییان کردووە و بڕیارە تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوامیی هەبێت.
عەبدولئەمیر حەمداوى، بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى هێزەکانى بەرپەرچدانەوەى خێرا لە خورماتوو، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: تاوەکو ئێستا لە ئۆپەراسێۆنەکەدا، ٣٣ کیلۆ مەتر دووجا پشکنراوە و دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیى چەتەکانی داعشدا گیراوە، لەگەڵ تەقاندەوەى دوو ژێرزەمینى چەتەکان و دەست بەسەر چەند بەلەمێکى ناو ئاودا گیراوە.
بەگوێرەی وتەی حەمداوی: هیچ ڕووبەڕووبونەوەیەک لە نێوان هێزەکانی ئۆپەراسیۆنەکە و چەتەکانى داعش ڕووی نەداوە، تەنها ژمارەیەک بۆمبی چێنراو تەقیوەتەوە و هیچ زیانێکى گیانىی بەدواوە نەبووە .
بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى هێزەکانى بەرپەرچدانەوەى خێرا، ئەوەشی خستەڕوو: تا ئێستا لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، گوندەکانى بیر ئەحمەدی گەورە و بچوک و زەنجلی و چەرداغلی و زەرگە بەتەواوىی پشکنراون.
ب.ل