ئیتڵاعاتی ئێران بەردەوامە لە دەستگیرکردنی چالاکوانانی ڕۆژهەڵات

بەهۆی مانگرتنە سەرتاسەرییەکەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئیتڵاعاتی ئێران دوو چالاکوانی شاری سنەی بەناوەکانی سورەیا خدری و موسلیم سەعیدپوور دەستگیرکرد.


بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ ئیتڵاعاتی ئێران دوو چالاکوانی شاری سنەی دەستگیرکرد.

بەگێرەی هەواڵەکە، سورەیا خدری، کە چالاکاوانێکی بواری مافەکانی منداڵان و چالاکی مەدەنی و خەڵکی شاری سنەیە و ئەندامی دامەزراوەی خێرخوازیی (رۆجیار کوردستان)ە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

لەلایەکی دیکەوە، موسلیم سەعیدپوور، چالاکوانی ناسراوی خەڵکی شاری سنە، دوای بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە، دەستبەسەر کراوە.

دوێنێ لە شارەکانی شنۆ، پیرانشار، سەردەشت، بۆکان و مەهابادی سەربە ورمێ، مەریوان، کامیاران و سنە لە پارێزگای سنە و کرماشان و پاوە لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو دوکان و بازاڕەکان لەدژی تاوانەکانی حکومەتی ئێران بۆ سەر گەلی کورد داخران و مانگرتنی سەرتاسەریی ڕاگەیەندرا.

هەر دوێنێش لەکاتی مانگرتنەکەدا لە شاری مەریوانی سەر بە سنە هەشت چالاکوان دەستگیرکران، کە بریتین لە: سۆران دانشوەر، ئارام فەتحی، مسلم بەهرامی، محەمەد ئەزکات، دلێر ڕۆشن، ئەحمەد تەبیرە، نەوشیروان خۆش نەزەر و ئارام ئەمانی.

ب.ل