ئیلهام ئەحمەد لە پەرلەمانی ئەوروپا داوایکرد تورکیا سزابدرێت

سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات- مەسەدە، لە پەرلەمان ئەوروپا ئامادە بوو و ڕایگەیاند داوامان کردووە هێرشەکانی تورکیا ڕابگیرێن و تورکیا سزا بدرێت.


ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات- مەسەدە، لەپەرلەمانی ئەوروپا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا قسەیکرد و بانگی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرستارێتی خۆیان لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بەجێی بێنن.

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، کە لە شەڕی دژی داعش-دا ١١ هەزار شەهید و ٢٥ هەزار برینداریان داوە و وتی: لەوانەیە داعش سەرلەنوێ خۆی بەڕێکخستن بکاتەوە.

هەروەها ڕایگەیاند، کە لە پەرلەمانی ئەوروپا داوایانکردووە هێرشەکانی تورکیا ڕابگیرێن و تورکیا سزا بدرێت،  وتیشی، ئەمریکا لەسەر بەڵێنەکانی خۆی نەما و بانگی لە یەکێتی ئەوروپا، کۆنسەی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە؛ "ناوچەکە لە فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا قەدەغە بکەن و بەهۆی ئەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشل کردووە و سورییەکان کۆچبەر دەکات، سزا بدرێت".

ئیلهام ئەحمەد هەروەها وتی: پێویستی بە چالاکی بەپەلە هەیە، ئێمەش بە هەڵویستی وڵاتانی جیهان دڵخۆشین، بەڵام پێویستە کارێک بکرێت کە تورکیا بکشێتەوە و گەمارۆی بخرێتە سەر، پێویستە لەسەر ئەو کردەوانە، تورکیا سزا بدرێت.

ئیلهام ئەحمەد، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ڕژێمی سوریا لەدژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵویستێکی ئاشکرا نیشان بدات.

هەروەها ڕیاز دەرار هاوسەرۆکی مەسەدە-ش قسەیکرد و وتی: دیلەکانی داعش زۆر مەترسیدارن و لەوانەی لە زیندانەکاندا سەرهەڵبدەن، بۆیە هێشتاش ئێمە پێویستیمان بە پشتیوانی زیاتر هەیە. 

ش.ف