هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، فشارێکی زۆر لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەیە و هەوڵدەدرێت پشتیوانیی نێودەوڵەتیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بووەستێندرێت.
ئەمڕۆ ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی سیمینارێکی ئەنجامدا، کە نوێنەرایەتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان ڕێکیخستبوو.
سیمینارەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە سیاسەتمەداران، نووسەران، رۆشنبیران و چالاکوانان بەڕێوەچوو و تێیدا ئیلهام ئەحمەد بە ووردی باسی لە دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ناوچەکە و جیهان کرد.
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بە دۆخی سووریا کرد و وتی: سووریا ئێستا بووەتە سێ بەش، بەشێکی ڕژێمی بەعسی تێدایە، بەشێکی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستانە و بەشێکیش چەتەکانی سەر بە تورکیای تیادایە، سەرباری هەموو دانووستانە جیهانییەکانیش بەڵام نەتواندراوە چارەسەرێکی سیاسیی بۆ قەیرانی سووریا بدۆزرێتەوە.
فشارێکی زۆر لەسەر رۆژئاوا هەیە، تورکیا بەپێداگرییەوە داوا دەکات ئەو وڵاتانەی هاوکاری رۆژئاوا و قەسەدە دەکەن، دەست لە پشتیوانییکردنیان هەڵگرن، تەنانەت ئەمەی کردووە بە مەرج بۆ سوید و فینلەند، کە دەیانەوێت ببنە ئەندامی ناتۆ، دەشیەوێت میساقی میللـی زیندوو بکاتەوە و بیکاتە ئەمری واقع.
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوەشکرد: ئەمڕۆ زۆرینەی وڵاتانی عەرەبیی و ئەوروپیی و ئەمریکا و رووسیا لە ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئێمەن، ئەگەر هەندێک هێز بیانەوێت بە گوشار دروستکردن و داخستنی دەرگا پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ دەرەوە بپچڕێنن ئەوە هەڵەن، چونکە ئەگەر ئەوان دەرگایەکمان لێ دابخەن، ئێمە حەوت دەرگا دەکەینەوە.
لە کۆتایی سیمینارەکەشدا ئامادەبووان پرسیار و تێبینییەکانیان ئاراستەی ئیلهام ئەحمەد کرد وبە شێوەیەکی فراوان گفتوگۆ لەبارەی پرسیارەکانەوەکرا.