ئێران تۆپبارانی باڵەکایەتی دەستپێکردەوە

بۆڕۆژی دووەم سوپای پاسداران تۆپبارانی سنوورەکانی باڵەکایەتی دەکات و ترسێکی زۆری لەناو خەڵکدا دروست کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ تۆپبارانەکان لە برادۆست شەهید و برینداریی لێکەوتەوە.


کەمێک لەمەوبەر و بۆ ڕۆژی دووەم، تۆپخانەکانی ئێران بەچڕیی دەستیان بە تۆپبارانکردنی باڵەکایەتی کرد.

تۆپبارانەکە سنووری گوندەکانی 'وێزێ، بەردەسۆران، گوندی ئاڵانە و خەلانە'ی گرتووەتەوە، کە سەر بە شارۆچکەی چۆمانی دەڤەری باڵەکایەتی-ن لە سنووری پارێزگای هەولێر.

تۆپبارانەکە زیانێکی زۆری بە بەرهەمی جوتیارانی سنوورەکە گەیاندووە و کۆچەرییەکان-یش بەهۆی ترس لەسەر ژیانیان،  گەڕاونەتەوە گوندەکانی خۆیان.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنی سوپای پاسدارن لە بەرامبەر کوژرانی چەند ئەندامێکیاندا لەلایەن هێزە ئۆپۆزسۆنەکانەوە، هەڕەشەی توندی کرد گوایە تۆڵەیان دەکاتەوە، دوای هەڕەشەکان و لە یەک کاتدا ئێران سنوورەکانی برادۆست و باڵەکایەتی تۆپباران کرد، لە ئەنجامدا ژنێکی گەنج شەهیدبوو دوو براشی برینداربوون.

هەرچەندە حکومەتی هەرێم نیگەرانی بەرامبەر تۆپبارانەکانی ئێران و چالاکیی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دەربڕی، بەڵام بەرپرسانی سوپای پاسداران ڕایانگەیاند، پێشتریش لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا قسەیان کردووە کە نابێت ڕێگا بە چالاکی هێزە کوردییەکانی ناو باشوری کوردستان بدەن.

س.ح