"ئێران فڕۆکەیەکی ئەمریکی کردووەتە ئامانج"

کاربەدەستێکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە پێش ئەوەی هێرش بکرێتە سەر دوو کەشتییەکە لە دەریای عومان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە کراوەتە ئامانج.


ئاژانسی سی ‌ئێن ‌ئێن-ی ئەمریکی لە زاری کاربەدەستێکی وڵاتەکەوە ئاشکرایکردووە، کە پێش هێرش بۆسەر ئەو دوو کەشتییە لە دەریای عومان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە بە مووشەک کراوەتە ئامانج، بەڵام ئەو موشەکە فڕۆکەکەی نەپێکاوە و کەوتووەتە دەریاوە.

کاربەدەستە ئەمریکییەکە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، وتوویەتی: فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمریکا لە جۆری MQ-9 بووە و پێش هاوێشتنی مووشەکەکە، چاودێری چەند بەلەمێکی ئێرانیی کردووە کە بەروە کەشتییە نەوتبەرەکان چوون.

بەیانی ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە، دوو کەشتیی نەوتبەر لە نزیکی هەرێمە ئاوییەکانی وڵاتی ئێران هێرشیان کرایەسەر و گڕیان گرت، ئەمریکا، ئەوروپا و وڵاتانی عەرەب، ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوی هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکان، بەڵام ئێران ڕەتیدەکاتەوە.

س.ح