ئێزدییەکان جەژنی خدر ئلیاس پیرۆز دەکەن

لە ئێزدیخان دوای سێ ڕۆژ ڕووژووگرتن جەژنی خدرئلیاس (خدلیاس) کە یەکێک لە بۆنە پیرۆزەکانی ئێزدیانە و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، پیرۆز دەکرێت.


ئەمڕۆ یەکەم  ڕۆژ جەژنى خدلیاسە، کە بۆنەیەکى تایبەتى ئێزدییەکانە، بەو بۆنەیەوە مەراسیمى تایبەتى بەڕێوەدەچێت لە شارۆچکەى شەنگال و دەوروبەرى.

جەژنى خدیالس دەکەوێتە دووەمین هەفتەی مانگی شوبات، ئەم جەژنە کە ماوەى دوو ڕۆژ دەخایەنێت، دواى ئەوەدێت کە هەفتەى پێش ئەنجامدانى مەراسیمى جەژن، هەموو ئەو کەسانەى لەسەر باروەڕى ئێزدین و ناویان خدر و ئەلیاس-ە پێویستە ڕۆژەکانی دووشەممە، سێ شەممە و چوارشەممە ڕووژوو بگرن.

بەشێک لە کۆمەڵگاى ئێزدی لەو جەژنەدا ئاژەڵ سەرنابڕن و لە ئێوارەی ڕۆژی جەژن خواردنێک بەناوی "قەلاندۆک" ئامادە دەکرێت و نانی مردووان لەناو جیرانەکان وەک خێرات دابەش دەکرێت.

 

قەلاندۆک چون ئامادە دەکرێت؟

قەلاندۆک لە حەوت بەرهەمی ساڵ وەک 'جۆ، گەنم، نۆک، کونجی، گارس و گوڵەبەرۆژە' دروست دەکرێت، ئێوارەی جەژنەکە هاوڵاتیان ئەو حەوت بەرهەمە تێکەڵ دەکەن و دەیکوڵێنن، دوایی بە دەهاڕ وردیان دەکەن و ئەو خواردنەی کە ئامادە دەبێت، پێی دەوترێت "سەوکی خدلیاس".

بەشێک لە سەوکی خدلیاس بە شێوەی ئارد، دەخرێتە ناو سینییەکی گەورە و لە ناو خەلاتی ماڵ کە شوێنێکە بۆ دانانی شتە پیرۆزەکان، دادەنرێت و تا ڕۆژی جەژن لەوێ دەمینێتەوە، بەپی باوەڕی ئێزدییەکان ئێوارەی جەژنەکە خدلیاس سەردانی ئەو ماڵانە دەکات، کە جەژنەکەیان پیرۆز کردووە و نیشانەی خۆی لەو سەوکە دادەنێت.

سەویک (نان)ێک لە سڤیکی خدرئلیاس

ئەو جەژنە بۆ گەنجانى ئێزدی تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە، بەپێی باوەڕییەکانی ئێزدی، کچ و کوڕی گەنجى ئێزدى ئێوارەی جەژنەکە نانێک لە سەوکى خدئلیاس دروست دەکەن و پێش نووستن دەیخۆن، نانەکە بچووکە و پڕخوێ دروست دەکرێت، هەر گەنجێک سێدانە لەو نانە دەخوات و دەنوێت، دواتر هەر گەنجێک، جا کوڕ بێت یان کچ، کاتێک لە خەویدا بینی کە گەنجێکی دیکە ئاوی بۆ دێنێت، ئەوا ئەو کەسە دەبێتە قسمەتی، دواتر دەبنە ئەویندار و هاوسەرگیریی دەکەن. 

دوای سێ ڕۆژ لە ڕۆژووگرتن، پیرۆزبایی جەژن دەستپێدەکات و دوو ڕۆژ بەردەوام دەکات، ڕۆژی یەکەم وەک جەژنی خدر ئلیاس و ڕۆژی دووەمیش وەک جەژنی خدر نەبی پیرۆز دەکرێت.

پیرۆزبایی جەژن لە شەنگال

خەڵکی شەنگال و دەوروبەری، دوای سێ ڕۆژ ڕووژووگرتن، شەوی ڕابردوو ئامادەکارییان کردووە و ئەمڕۆ جەژنی خدلیاس پیرۆز دەکەن، لە چوارچێوەی جەژنەکەدا هاوڵاتیان سەردانی یەکتر دەکەن و جەژنە پیرۆزە لەیەک دەکەن، هەروەها سەردانی شوێنە پیرۆزەکان دەکەن.

د.ع