ئێزدییەکان داوای ڕزگارکردنی خانەوادەکانیان دەکەن

خانەوادە ئێزدییەکانی شەنگال داوا لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەکەن، کە خانەوادەکانیان لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگاربکەن و بۆ ئەو مەبەستە هەوڵ بدەن.


کەسوکاری ئەو ئێزدییانەی لە چنگی چەتەکانی داعشدا بەدیل گیراون، نیگەرانن و داوا دەکەن لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە ئەرکەکانیان بەجێبێنن.

حەیدەر حەجی، خەڵکی گوندی گزرێکی سەربە شەنگالە، لە ساڵی ٢٠١٤دا کاتێک چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال، کوڕەکەی بەناوی سالم حەیدەر تا دوایین گولـلە شەڕی کرد، بەڵام لە کۆتاییدا بەهۆی ئەوەی گولـلەی پێنەما، کەوتە دەستی چەتەکانەوە.

حەجی لەو بارەیەوە وتی: تا ماوەیەک ئاگام لێبوو کە زیندووە، بەڵام ئێستا ماوەیەکی زۆرە نازانین زیندووە یان نا.

ناعم جاسم، هاوسەری سالم حەیدەریش دەڵێت، کە هێشتا هیوای هەیە هاوسەرەکەی بگەڕێتەوە، بەم شێوەیە بەردەوامیی بە قسەکانی دەدا: منداڵەکان پرسیارم لێدەکەن باوکمان کوا، دەڵێم دەگەڕێتەوە، بەڵام نە حکومەتی عێراق و نە حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتییەکانیان ئەنجام نادەن.

لەکۆتاییش دا داوای لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ کرد، کە بۆ ڕزگارکردنی بەدیلگیراوە ئێزدییەکان هەوڵ بدەن.

ش.ف