ئێزدییەکان پشتیوانیی خۆیان گەیاندە مانگرتووانی سلێمانی

شاندێکی نوێنەرایەتیی سلێمانی پادێ، سەردانی مانگرتووانی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیایان لە شاری سلێمانی کرد و پشتگیریی خۆیان بۆ مانگرتنەکەیان دووپاتکردەوە.


دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندێکی پارتی ئازادیی و دیموکراسیی ئێزدی- پادێ، سەردانی مانگرتووانی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیایان لە شاری سلێمانی کرد.

شێخ جەمال قاسم، نوێنەری پادێ لە سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز، باسی لە ئامانجی سەردانەکەیان کرد و، وتی: ئێمە هاتووین تا مۆراڵ بدەینە ئەم هەڤاڵانەی کە مانیان لە خواردن گرتووە، ئێمە هەمیشە بەردەوام دەبین لە پشتگیرییکردنی ئەم چالاکییانە، تا ئەوکاتەی کە گۆشەگیریی لەسەر بەڕێز ئۆجالان هەڵدەگیرێت، هیوای سەرکەوتنیشیان بۆ دەخوازین.

بانگەوازییشی لە گەلی هەرچوار پارچەی کوردستان کرد، کە پشتیگیریی ئەو مانگرتنانە بکەن و، وتی:"هەتا ڕێبەر ئاپۆ گۆشەگیریی لەسەر هەڵنەگیرێت و لە زیندان دەرنەچێت، هەمیشە گەلی کورد لەژێر زوڵم-دا دەبێت، بۆیە داوا لە هەموو گەلی کورد دەکەین، کە پشتیگیریی ئەم چالاکییانە بکەن".

هەروەها سەروەت محەمەد، یەکێک لە مانگرتووان قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و وێڕای بەخێرهاتنکردنی شاندەکەی پادێ، وتیشی: هیوادارین کە ئەم پشتگیرییانە بەردەوامییان هەبێت، هەرچەند سەردان و بەشداربوون لەم مانگرتنەدا هەبێت، بەو ڕادەیە ئێمە دڵخۆش و بە مۆراڵ دەبین.

وتیشی: داوا لە هەموو گەلی کورد و بەتایبەت خەڵکی شاری سلێمانی دەکەین، لەم قۆناغەدا ئێمە تەنها نەکەن، پشتگیریی ئەم چالاکییانە بکەن، ئێمەش بەوە دڵخۆش دەبین، بێگومان بەرزکردنەوەی ئاستی پشتیوانییەکان زووتر دەمانگەیەنێتە ئەنجام لەم چالاکییە.

س.ح