ئێسک و پروسکی ١٧١ ئەنفالکراو گەیەندراونەتە بەغدا

ئێسک و پروسکی ئەو ١٧١ ژن و منداڵەی لە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە بیابانەکانی سەماوە دەرهێندران، گەیەندراونەتە پزیشکی دادی بەغدا.


بەگوێرەی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیی سالار مەحمود، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، دوای هەڵدانەوەی یەکێک لە سێ گۆڕە بەکۆمەڵە دەستنیشانکراوەکەی بیابانی بادیەی سەماوە، بەشێوەیەکی زانستی دەرهێنران کە ژمارەی شەهیدەکان ۱۷۱ ژن و مناڵن، گەیەندراونەتە پەیمانگای پزیشکی دادی بەغدا سەر بە وەزارەتی تەندروستی عێراق.

سالار مەحمود، باسی لەوەش کردووە، وا بڕیارە لە مانگی داهاتوودا دەستبکرێت بەهەڵدانەوەی دوو گۆڕە بەکۆمەڵەکەی تر، کە لەتەنیشت گۆڕە تەواو کراوەکەن.

هەر لەو لێدوانە نووسراوەدا هاتووە: تەنیا لە پارێزگای سەماوە دەیان گۆڕی بە کۆمەڵی تری ئەنفالکراوانمان هەن، هەوڵی جدیی نوێ هەیە بۆ دەستبەکاربوون لە دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕەکان بە هەماهەنگی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق و هەرێم.

ئەوەش هاتووە:"هەوڵدەدەین پێش هێنانەوەی ئێسک و پروسکەکان بۆ کوردستان، لەبەغدا مەراسیمی فەرمی و شایستەی بەڕێکرنیان بۆ ئەنجام بدرێت".

 

ش.ف