ئێوارانی بازاڕی سلێمانی لە ڕەمەزاندا

جیاواز لە مانگەکانی دیکە، لە ڕەمەزاندا ئێواران بازاڕی سلێمانی زۆر قەرەباڵغ دەبێت و زۆرینەی کڕیاران لە دەوری خواردن و خواردنەوەکان کۆدەبنەوە.


هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، لە شاری سلێمانیش ئەگەر لە مانگەکانی دیکەدا، کڕیاران زیاتر گرنگیی بە پۆشاک و کەلوپەلی ناوماڵ بدەن، ئەوا لە ڕەمەزاندا خەمی سەرەکییان دەبێتە ڕازاندنەوەی خوانی ماڵەکانیان.

خورما، ماست و دۆ و پەنیر، ناوساجی و ناوە شکێنە، سەوزە، لوقمەقازی و شەربەتی مێوژ، لەو خواردن و خواردنەوانەن، کە زیاتر هاوڵاتیان دەیانکڕن و لە بەربانگ و پارشێودا سفرەکانیان پێدەڕازێننەوە.

فرۆشیاران لەم مانگەدا کەمتر هاوار دەکەن بۆ ساغکردنەوەی شمەکەکانیان، بێ هاوارکردنیش کڕیارێکی زۆر لەدەوریان کۆدەبێتەوە، هەروەها فرۆشیاران دەڵێن، کە هەندێکیان بەڕۆژوون و ناتوانن هاوار بکەن، ئەوانەشیان کە بەڕۆژوو نابن، بۆ بێزارنەکردنی هاوڕێ ڕۆژووەوانەکانیان هاوار ناکەن.

ش.ف