ئەحمەد تورک: دەوڵەتی تورک ئیرادەی گەل ناناسێت

ئەحمەد تورک بە ئاماژەدان بە داگیرکردنی شارەوانییەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەڵێت: یاسا نییە و ناحەقی لە ئاستێکی بەرزدایە و دەوڵەتی تورک ئیرادەی گەل ناناسێت.


ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، موستەفا یامان پارێزگاری خۆی لە مێردین بۆ دووەمین جار وەک خۆسەپێن (قەیوم) لە شارەوانی گەورەشاری مێردین دانا، ئەو کەسە پێش هەڵبژاردەنەکان بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک سەرۆکی شارەوانی مێردین سەپێندرابوو بەسەر شارەوانیی مێردیندا.

ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین کە دوای هەڵبژاردنە هەرێمییەکانی، ٣١ی ئازاری ئەمساڵ وەک هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین هەڵبژێردرا، بەرامبەر ئەو داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورک ناڕەزایەتیی نیشاندا و وتی ئەوەی کراوە هیچ عەقڵێک هەڵیناگرێت.

ئەحمەد تورک هەروەها وتی: لە ئێستادا یاسا نییە، ناحەقی لە ئاستێکی هەرەبەرز دایە، ئیرادەی گەل ناناسرێت و ناوی دیموکراسیی لێدەنرێت.

ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین هەروەها دەڵێت: دانانی پارێزگار بەسەر شارەوانی پشتڕاستی دەکاتەوە کە تورکیا دژی دیموکراسییە و ئەوەی کراوە نیشانەی نەبوونی سەروەری یاسا و بێ قانونییە.

س.ح