ئەحمەد تورک و فیگەن ئاڵتین داغ لەشارەوانی مێردین دەستبەکاربوون

ئەحمەد تورک و فیگەن ئاڵتین داغ، هاوسەرۆکانی شارەوانیی مێردین، بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونیان بۆ هاوسەرۆکایەتیی شارەوانیی گەورە شاری مێردین وەرگرت.


هاوسەرۆکانی شارەوانیی مێردین لەگەڵ پەرلەمانتاری هەدەپە ئەبرو گیونەی و هاوسەرۆک شارەوانییەکانی ناوچە جیاجیاکانی مێردین چوون بۆ لقی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی شاری مێردین و بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونیان لە کۆمسیۆنەکە وەرگرت.

'ئێمە بە هەموو هێزی خۆمانەوە کار و خزمەت دەکەین'

ئەحمەد تورک، سوپاسی هەموو گەلانی مێردینی کرد و ڕایگەیاند "شارەوانیی شوێنی خزمەتکردنە، ئێمە بە هەموو هێزی خۆمانەوە بۆ خزمەتکردن کار دەکەین، ئێمە بە ورە و حەماسەتێکی گەورەوە خزمەتی گەلەکەمان دەکەین، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان، ئێمە لەگەڵ گەلی مێردین و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی شارستانی کار دەکەین و هیودارین لە شارەکەدا پێشهات و کاری باش ڕووبدەن".

ئەحمەد تورک هاوسەرۆک شارەوانیی مێردین و شاندە یاورەکەی چوون بۆ شارەوانیی گەورە شاری مێردین، لەوێش ئەحمەد تورک ڕایگەیاند "ئێمە هەموو کار و خەباتەکان لەگەڵ گەلەکەی خۆماندا ئەنجام دەدەین، ئێمە هەرگیز مافی ڕەنجدەران و زەحمەتکێشان ناخۆین، هەڵوێستێک کە بەپێی چاوەڕوانیی گەل نەبێت، ئەوا بە بڕوای ئێمەش ئەو هەڵوێستە ناتوانێت نوێنەرایەتیی گەلەکەشمان بکات، ئێمە لەو بوارانەدا هەندێک کار ئەنجام دەدەین، ئێمە مافی کرێکاران و خەباتکاران دەپارێزین".

هەروەها فیگەن ئاڵتین داغ، هاوسەرۆک شارەوانیی گەورە شاری مێردین سوپاسی گەلی مێردینی کرد.

د.ع