ئەفسەرێکی پێشمەرگە زۆر نهێنی لەبارەی ئەو چەک و پێداویستییە سەربازییانەوە ئاشکرا دەکات، کە لەلایەن هاوپەیمانان و عێراقەوە لە کاتی شەڕی داعشدا دراون بە پێشمەرگە و پەدەکە دەستی بەسەردا گرتوون، بەشێکیان دیارنەماون و بەشێکیشی بازرگانی پێوەکردوون، دەشڵێت:”هیچ لایەک نەیدەزانی پەدەکە چی لەو چەکانە دەکات، تا ئەوکاتەی هێزەکانی بە چەکی قورسەوە ڕەوانەی هەرێمەکانی گەریلا کرد”.
لەم دواییانەدا، پەدەکە بە هەزاران چەکداری خۆی بە زرێپۆش و چەکی قورسەوە، ناردووەتە ئەو ناوچانەی گەریلای تێدایە، ئەمەش بووەتە ڕۆژەڤی کوردان، کە مەترسی دروست بوونی شەڕی کورد بە کورد دروست دەکات، هاوکات لەم ڕۆژانەی دواییدا ئەو چەکانەی کە لەو هەرێمانەدا جێگیرکراون و لەگەڵ ئەو هێزانەدا ڕەوانە کراون باس و خواسی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەگوێرەی زانیارییەکان چەکەکان ئەمریکیی و ئەڵمانین و هەمان ئەو چەکانەن کە لە هاوپەیمانان بۆ شەڕی داعش وەریان گرتووە.
لەم بارەیەوە ئەفسەرێکی هێزەکانی پێشمەرگە، کە خۆی لە شەڕی داعشدا بەشداربووە و لەبەر هەستیاریی بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکەین، بۆ ڕۆژنیوز زانیاری گرنگ و فراوان ئاشکرا دەکات.
ئەو ئەفسەرە دەڵێت:”لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥، بەچاوی خۆم بینیم هێزەکانی پارتی چەند جارێک دەهاتن بە ئاشکرا لە میرەی وەزارەتی پێشمەرگە، هەموو جۆرێکی چەک و کەلوپەلی سەربازیی زۆریان باردەکرد و دەیان برد بۆ ناوچەی بلە و بارزان و بەڕۆژە، جگە لە خۆیان کەسی دیکە نەیدەزانی چی لێدەکەن و بۆچی بەکاریدەهێنن؟”.
ئەوەشی ئاشکرا کرد “لە ساڵی ٢٠١٥دا عێراق هاوکارییەکی زۆری چەک و سەربازی یەکێتی و پارتی کرد بۆ شەڕی دژ بە داعش، ئەوانەی یەکێتی وەریگرت دیاربوون و بەکارهاتن، بەڵام ئەوانەی کە پارتی وەریگرت هیچی بەکارنەهێنرا و برانە ئەو ناوچانەی، کە بنەماڵە و دەسەڵاتی خۆیانی لێیە و خرانە خزمەتی بنەماڵەی بارزانییەوە”.
“هەمان تاڵانییان لە هاوکارییەکانی هاوپەیمانانیش دەکرد”
بە وتەی ئەو ئەفسەرە، پەدەکە هەمان تاڵانی لە هاوکارییەکانی هاوپەیمانانیش دەکرد، نمونەیەکی باسکرد کە خۆی شاهیدی بووە و وتی: “ساڵی ٢٠١٥ هاوپەیمانان ٤٧هەمەریاندا بە پێشمەرگە بۆ شەڕی دژ بە داعش، بەڵام پارتی دەستیان بەسەردا گرت و دواتر بۆ پەردەپۆشکردنی، ڕۆیشتن بۆیاخی هەمەرەکانیان گۆڕی و پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە لە کۆریا و ئوردن کڕیویانە”.
باسی کۆتا هاوکاریکردنی ئەمریکای کرد بۆ هەرێم و وتی:”ئەمساڵیش ئەمریکا زیاتر لە ٢٠٠هەمەری بە هەموو پێداویستییەکانییەوە بەخشیوەتە هەرێم، بە گوێرەی سیستم، وەحدەکانی پێشمەرگە بە گوێرەی پێویست داوای چەک و پێداویستی سەربازیی دەکەن و دەبێت حکومەتیش بە گوێرەی ڕشتە و پێویستی بەسەریاندا دابەشی بکات، بەڵام دەسەڵاتدارانی پارتی دەستییان بەسەرداگرتووە و تا ئێستا لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەدا دابەش نەکراوە، هەروەها هیچ کاتێک بە گوێرەی پێویستی چەکیان دابەشنەکردووە بەڵکو بەگوێرەی ئەوەی کە لە کوێدا خۆیانی پێ بپارێزن”.
لە بارەی جۆری ئەو چەکانەوە ئاماژەی بەوەشدا “ئەو چەکانەی کە بەهۆی شەڕی داعشەوە خرابوونە بەردەستی پارتی چەکی زۆر گران بەها و دەگمەن بوون تەنانەت بە هەموو وڵاتێک نەدە فرۆشران، لەوانە (ئێم فۆڕ، ولتەر، میلانۆ، ساروخی موەجەهە، هەمەری گوللـەنەبڕی هامڤی، تانک و زرێپۆش”.
وتیشی “جگە لە تاڵانکردن و دەستبەسەرداگرتنی هەزاران چەک و پێداویستی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان، لەلایەن دەسەڵاتدارانی پارتییەوە، بەشێکی زۆری چەکی فەردیش لەلایەن بەرپرس و دەسەڵاتدارانی حزبییەوە لە بازاڕی ڕەشدا فرۆشراون و بازرگانییان پێوەکراوە”.
“ئەڵمانیا و فەرەنسا بە تاڵانکارییەکانیان زانی”
ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە باسی لە ئاشکرابوونی تاڵانییەکان کرد و وتی: “لە ساڵی٢٠١٥، ئەڵمانیا لە ڕێگای ئیستیغباراتەوە زانیاری ئەوەی پێگەشتبوو، کە ئەو چەکانەی دەیدەن بە هەرێم بۆ شەڕی داعش بەشێکی لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت و بەشێکی دیکەی دیار نامێنێت، بۆ ئەم بابەتە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیان هاتە هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕوو پێی وتن، کە ئێمە خەمڵاندنمان دەوێت لەو هاوکارییانەی کە بە ئێوەمان داوە دواتر فەرەنسییەکانیش هەمان داواکارییان کرد”.
وتیشی”دواتر لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ خەمڵاندنی چەکەکان لە هەموو بەرەکاندا، بەڵام دەرکەوت ئەو چەکانەی بازرگانییان پێوەدەکرێت و دیارنەماون بە ڕێژەیەکی زۆرە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، هەروەها لەلایەن دەسەڵاتدارانی حزبەوە کراوە، بۆ نمونە تەنها لە میحوەری گوێر، کە سیروان بارزانی، برازای مەسعود بارزانی، سەرۆکی پەدەکە بەرپرسیارییەتی، ١٧ هەمەر دیارنەمابوو، کەسیش نەیدەزانی بۆ کوێ براوە و چی لێکراوە، بۆیە بڕیاریاندا پەردەپۆشی بکەن”.
چۆن تاڵانکارییەکانی دیزەبەدەرخۆنە کرا؟
لەبارەی پەردەپۆشکردنی ئەو تاڵانییانەوە ئەو ئەفسەرە دەڵێت: “بۆ پەردەپۆشکردنی دزیی و تاڵانییەکانیان لای هاوپەیمانان، دەستیان کرد بە سیناریۆی ئاگرکەوتنەوە لە ناوجبەخانە و سەربازگەکاندا، بەشێوازێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو، لە ساڵی ٢٠١٦ دەستییان بەو سیناریۆیەکرد، یەکەم ئاگرکەوتنەوەش لە ناوچەی تاسڵوجە لە سلێمانی و ڕوویدا و دواتریش لە سنوری هەولێر لە عەنکاوە، جەژنیکان، بەڕانەتی، هەرشەم و ڕێگای سێ بیران، زنجیرەیەک ڕووداوی ئاگر کەوتنەوە لە ناو جبەخانەکانی پێشمەرگەدا دروستبوون، ئەم ڕووداوانەیان کرد بە بیانوو بۆ پەردەپۆشکردنی دزیی و تاڵانکارییەکانیان”.
ئەو ئەفسەرە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا: “هیچ لایەک نەیدەزانی پەدەکە چی لەو چەکانە دەکات، تا ئەو کاتەی هێزەکانی بە چەکی قورسەوە ڕەوانەی هەرێمەکانی گەریلا کرد، دەرکەوت ئەو چەکانەی کە بەناوی شەڕی داعشەوە وەریان گرتووە، ڕەوانەی هەرێمەکانی گەریلایان کردووە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی کورد بە کورد، ئەمەش بە ئاگاداری ئەمریکا و داواکاری تورکیا”.
ک.س