ڕۆژنیوز- بڕوا ئەسعەد
برایەكی شەهید ڕامین پەناهی، شەڕی كورد بە كورد بە تاوان ناودەبات و داواكارە، بنەماڵەی شەهیدان و چەلاکوانانی سیاسی لە چوار بەشی کوردستان و ئازادییخوازان و دایکانی زیندانیان، دژی دووبارە هەڵگیرسانەوەی جەنگ بووەستنەوە و بە یەك دەنگ بڵێن، نەخێر بۆ شەڕ و خۆ کوژیی و شەڕی ناوخۆ.
٢٦ی ئازار کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئامادەکاریی دەوڵەتی تورک و پەدەکە بۆ ئەنجامدانی هێرشی هاوبەش دژی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بڵاوکردەوە و زانیاریی وردی لەسەر ئەو پیلانە ئاشکراکرد، وەک کەجەکە ئاشکرایکرد، هەمان ڕۆژ هێرشی ئاسمانیی و شەوی ١٧ی ئەم مانگەش لەڕێگای زەمینیەوە هێرشەکە دەستیپێکرد، ئەمەش ناڕەزاییەکی بەفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئەمجەد حسێن پەناهی، برای شەهید ڕامین پەنایی لەو بارەیەوە وتی: گەلی کورد بەدرێژایی مێژوو قوربانیی زۆری داوە، بەداخەوە یەكێک لە قوربانییەکان خۆمان بە دەستی خۆمان داومانە، كە شەڕی ناوخۆ بووە، ئەمەش کارەساتێکە لە مێژووی ئێمە.
وتیشی: ئێمەش وەک گەلانی دیکەی جیهان هەڵە و کەموکورتیمان هەبووە لە مێژووی خۆماندا، بۆیە دەبێت چیدیکە دووبارە نەبێتەوە چیتر چەک ڕوو لە یەکتر نەکەین.
ئەمجەد حسین پەناهی، باسی لەوەش کرد، هەموو جیهان لەسەر ئاستی دیالۆگ و گفتوگۆ هەموو کێشەیەک چارەسەر دەکەن، بەڵام وەستانەوە بەرامبەر بە یەکتر بە زەبری چەک ڕۆڵی نەماوە، ئێمەی کوردیش قوربانی زۆرماندا لە چوار بەشی کوردستان و مێژوویەکی خوێناویمان هەیە، لە باشووری کوردستاندا مێژووی پەدەکە و یەنەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵە و دیموکرات.
“کاتی ئەوە هاتووە هەموو بنەماڵەی شەهیدان و چەلاکوانانی سیاسی لە چوار بەشی کوردستان و ئازادییخوازان و دایکانی زیندانیان، ئەوانەی هەست بەرپرسیارییەتی دەکەن لە ئاستی گەلەکەیاندا دژی ئەوەن دووبارە جەنگ هەڵبگیرسێنەوە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە هەموومان یەک دەنگبین و بڵێین نەخێر بۆ شەڕ و خۆ کوژیی و شەڕی ناوخۆ، جا ئەگەر هەرلایەنێک دەستپێشخەریی بکات، ئێستاش لە هەموو کات زیاتر پێویستە هەموو لەیەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان لەسەر هەر ئاستێک کە دەکرێت بە گفتوگۆ دانیشین و پێکەوە چارەسەری بکەی” ئەمجەد حسێن پەناهی وای وت.
س.س