"ئەمریكا لە زەوی عێراقدا نەماوە، بەڵام ئاسمانی وڵات لەژێر دەستیدایە"

چاودێرێکی سیاسی پێیوایە، ئەمریكا لەسەر زەوی عێراق كشاوەتەوە، بەڵام ئاسمانی وڵاتەكە هێشتا لە بندەستی خۆیدا ماوەتەوە، ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەری زۆرە گورزی سەربازی لە گروپەكانی نزیك لە ئێران بدا، دەشڵێت: کشانەوەی ئەمریکا لە کەرکوک مەترسی دروستناکات.


هەفتەی ڕابردوو هێزەكانی ئەمریكا لە پێنج بنكەی سەربازی عێراقدا كشانەوە، یەكێك لەو بنكە سەربازیانەش بنكەی سەربازی کەیوەن بوو لە شاری كەركوك، كە بەیەكێك لە بنكە گرنگ و ستراتیژیەكان بۆ ئەمریكا لە قەڵەم دەدرا.

هێمن حەسیب چاودێری سیاسی کەرکووک دەربارەی ئامانجەكانی بچوککردنەوەی قەبارەی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق دەڵێت، مەبەست لە هەڵبژاردنی بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و حەریر لە هەولێر بۆ کۆکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، ئەوەیە کە ئەو دوو شوێنە دوورن لە سنووری قەڵەمڕەوی هێزەکانی حەشدی شەعبی و بەم جۆرە دەتوانێت زیاتر خۆی بپارێزێت لە هێرشەکانیان.

دەشڵێت، ئەمریكا بە نیازی پرۆسەیەكی سەربازییە دژی لایەنگرانی ئێران لە عێراق، بۆیە لە ئێستاوە ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی بە كەمترین زیان لێی دەرچێت.

ئەو چاودێرە سیاسییە بە رۆژنیوزی وت، لێدوانەكانی دۆناڵد ترامپ و لێدوانەكانی عادل عەبدولمەهدی لەم کاتەدا دەرخەری ئەوەیە كە ئەم دوو هەفتەیە زۆر هەستیارە بۆ عێراق بەتایبەت، کە کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ کەمتر لە دوو هەفتەی لەبەردەمدا ماوەو چانسێکە بۆ عێراق تا كێشەی سەربازی تێدا ڕوونەدات، بەڵام لە حاڵەتی شکستی زەرفی و پێکنەهێنانی حكومەت، ئەوا ئەمریكا گوزری سەربازی گەورە لە لایەنگرانی ئێران دەوەشێنێت لە ناوچەکە.

دەربارەی كشانەوەی ئەمریكا و دۆخی كەركوك، ئەو چاودێرە ڕوونیكردووە: "كشانەوەی ئەمریكا لە كەركوك ترس لەسەر ئایندەی شارەکە دروست ناكات، كشانەوەی بەڵکو ئەمریكا تەنها لە چوارچێوەی كۆكردنەوەی هێزەكانیدا لە ناوچەکان کشاوەتەوە بەتایبەت ئەو شوێنانەی مەترسی حەشدی شەعبییان لێوە نزیک بووە، هەربۆیە ئەمریکا لە کام شوێن کشابێتەوە، ئەوا لە ڕێگای ئاسمانیەوە چاودێری دەکات.

هێمن حەسیب پێشیوایە ئەمریكا لە دوای ساڵی ٢٠١١وە لە زەوی عێراق كشاوەتەوە و خاكی ڕادەستی عێراق كردووەتەوە، بەڵام دواتر كەوتووەتە دەست ئێران، هەربۆیە لە ئێستادا بەردەوام بە ئاسمانی عێراقدا دەسوڕێتەوەو چاودێری بەرژەوەندی و ئامانجەکانی خۆی دەکات.

س.ح