ئەمریکا: ئەگەری هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر سوریا کەمبووەتەوە

بەڕێوەبەری ناوەندی شەڕی دژی داعش، لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەری هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر سوریا کەمبووەتەوە و هاوکارییە سەربازییەکانیشیان لەو چوارچێوەیەدا بۆ قەسەدە بەردەوام دەبن.


بەڕێوەبەری ناوەندی شەڕی دژی داعش لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی لە چوارچێوەی شەڕی دژی چەتەکاندا هاوکارییەکانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتی (قەسەدە) بەردەوام دەبێت و چەکیان بۆ دەنێرێت.

کریس مایەر بەڕێوەبەری، ناوەندی شەڕی دژی داعش لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی لە هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا کرد و وتی: "ئەوان لەگەڵ تورکیا دەستیان بە دەوریەی هاوبەش کردووە و ئامانجیشیان ڕێگریکردنە لە هەر هێرشێکی کتوپڕ، هەروەها، ئەگەری هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر سوریا کەم بووەتەوە".

ڕاشیگەیاند، لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعشدا، هاوکاری چەک بۆ قەسەدە بەردەوامە و زانیاری لەبارەی ئەم بابەتە، بە تورکیاش ڕادەگەیەنرێت و وتی "کشانەوەی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە سنورەکان بۆشایی ئەمنی دروست دەکات و بۆ کەمکردنەوەی ریسکێکی بەمجۆرە پێویستە لەگەڵ تورکیا دانوستان بکرێت."

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی ڕاگەیاند، میکانیزمی ئەمنی لەگەڵ تورکیا لەسەر سنورەکان دروستکراوە و لەهەمانکاتدا میکانیزمەکە بۆ پاراستنی قەسەدەیە و وتی، "نامانەوێت لە شەڕی دژی داعشدا، ریسکی نوێ تاقیبکەینەوە".

ک.س