ئەمریکا هێز دەنێرێتە کەنداو

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە دۆناڵد ترامپ پەسەندی کردووە کە وڵاتەکەی هێزی سەربازیی زیاتر ڕەوانەی کەنداو بکات.


دوای هێرش بۆسەر دوو مەیدانی نەوتی سعودیە لە هەفتەی ڕابردوو، وە تۆمەتبارکردنی ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا وەک یەکەم هەنگاوی کاردانەوەی بڕیاریدا هێزی سەربازیی زیاتر ڕەوانەی کەنداو بکات.

مارک ئێسپێر وەزیری بەرگری ئەمریکا شەوی ڕابردوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە بارەگای وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو هێزانە بە پەسەندیی سەرۆک کۆمار ڕەوانەی کەنداو دەکرێن و سێ ئامانجیان هەیە، وتیشی: یەکەم ئەوەیە کە پەیامێکی ڕوون بدرێتە ئێران کە ئەمریکا پشتیوانی لە هاوبەشەکانی خۆی لە ناوچەکە دەکات، دووەم ئەوەی کە پشتیوانی لە گەڕانی ئازادی سەرچاوە ژیانییەکانی ئابوریی جیهان دەکات، هەروەها داوا لە ڕێبەرانی ئێران دەکەین کە دەست لە ڕەفتارە تێکدەرانەکانیان هەڵگرن و لە ڕێگای ئاشتی و دیپلۆماسی هەنگاو بنێن.

ئێسپێر جەختی لەوەش کردەوە: ئەمریکا بە دوای شەڕەوە نییە لەگەڵ ئێراندا، بەڵام سەرەڕای ئەمە بژاردەی سەربازی دیکەشمان هەیە، کە ئەگەر پێویست بکات دەیانکەینە کردەوە.

ڕاشیگەیاند: لە پاڵ ئەمانە پێدانی چەک و کەرەستەی سەربازی بە سعودیە و ئیمارات خێراتر دەکەین تا توانای بەرگریی خۆیان ببنەنە سەرەوە.

ژنرال دانفۆرد سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکاش کە لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە لە پاڵ ئێسپێر ئامادەبوو، وتی: هێشتا لەسەر هەژماری سەربازەکان یەکلا نەبووینەتەوە، لە دوو ڕۆژی داهاتوو دوای باس لەگەڵ فەرماندەیی سنتکام و هاوبەشە سعودییەکانمان بڕیار دەدەین و لەم هەفتەیە ڕایدەگەینین.

ئەم کۆنفرانسە دوای ئەوە بوو کە کاربەدەستانی وەزارەتی بەرگری لە دانیشتنێک لەگەڵ ترامپ بژاردە سەربازییەکانیان دژی ئێران خستە ڕوو.

س.ح