ئەمڕۆ ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتە

سەر لە ئێوارەیەکی مانگی شوباتی ٢٠١١ بورکانی ناڕەزایەتیی خەڵک دژی قۆرخکاریی دەسەڵات لە سلێمانییەوە تەقییەوە، پریشکی ئەو تەقینەوەیە هەر زوو بە هەرێمی کوردستاندا بڵاوبووەوە و خەڵک لە هەموو لایەکەوە هاواریان دەکرد "ئازادیی".


ئەو ئێوارەیە ١٧ی شوبات بوو، ئەو ڕێکەوتە بووە مێژوویەکی پرشنگداری ناڕەزیەتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان دژ بە ستەم و قۆرخکاریی دەسەڵات، بەڵام لێکەوتەکانی دواتری پێچەوانەی ئامانجی هەڵگیرسانەکەی بوو.

ئەمڕۆ ٩ ساڵ بەسەر ئەو مێژووەدا تێپەڕدەبێت، دوای ٩ ساڵ خەڵک بێ هیوارتر و دەسەڵات قۆرخکارانەتر ملدەنێت، ئەمە وایکردووە لە هەرساتێکدا چاوەکان لەسەر دووبارە تەقینەوەی بورکانی ناڕەزایەتیی شەقام بێت.

١٧ی شوبات چۆن دروستبوو؟

سەرەتای ساڵی ٢٠١١خۆپیشاندان لە وڵاتی تونس دەستیپێکرد و بە ڕوخاندنی تەختی زەین بن عەلی گەیشتە میسر و تەختەکەی حوسنی موبارەکیشی هەڵوەشاندەوە.

ئێوارەی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ بۆ پشتیوانی خۆپیشاندانەكانی میسر و تونس، گردبوونەوەیەک لە بەردەركی سەرای سلێمانی سازكرا، دواتر ئاڕاستەی گردبوونەوەکە گۆڕا بۆ خۆپیشاندان و لە بەردەم لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق تێكهەڵچون لە نێوان ناڕازییان و پاسەوانەكانی لقدا ڕوویدا.

پاسەوانانی لقی ٤ی پارتی تەقەیان بەڕووی خۆپیشاندەراندا کرد، بەهۆیەوە مێردمنداڵێک بەناوی ڕێژوان عەلی تەمەن ١٦ ساڵ شەهیدبوو، ئەوەش خەڵکی زیاتر مکوڕکرد لەسەر ناڕەزایەتییەکانیان بڕیاریاندا بەردەوامبن لە خۆپیشاندان.

ئیتر لەو ئێوارەیەوە تاوەکو ١٩ی نیسان، بەردەرکی سەرای سلێمانی بووە مەیدانی سەرەکیی خۆپیشاندەران و لەلایەن ژمارەیەک ڕۆشنبیر و چالاکوانەوە ئەنجومەنی سەرای سلێمانی دروستکرا و هونەرمەندانیش سرود و گۆرانییان بە باڵایاندا چڕی.

خۆپیشاندان هەرزوو بە شار و شارۆچکەکاندا بڵاوبووەوە، خەڵک لە ڕانیە، هەڵەبجە، سەیدسادق، کەلار، چەمچەماڵ، قەڵادزێ و چەندین ناوچەی دیکە ڕژانە شەقامەکان و دروشمی جیاجیایان لەدژی حکومەت و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەرزکردەوە، بەڵام خۆپیشاندان نەگەشتە زۆنی زەرد و بۆ تەنیا ڕۆژێکیش لە هەولێر و دهۆک خۆپیشاندان ئەنجام نەدرا.

ستەمی دەسەڵات و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین و قۆرخکردنی بازاڕ لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە، خەڵکی بێزارکردبوو، بۆیە داوایان دەکرد حکومەت و پەرلەمان هەڵبووەشێنەوە و حکومەتێکی کاتیی پێکبهێندرێت.

بەڵام دەسەڵات دوای دوو مانگ بە زەبری هێز کۆتایی بە خۆپیشانەکان هێنا و لە ئەنجامیشدا ١٠ کەس شەهیدبوون و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون، ئەوە جگە لە دەستگیرکردنی دەیان چالاکوان و ڕۆژنامەنووس.

دوای ٩ ساڵیش لەو ڕووداوە، تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر تەقەکردن لە خۆپیشاندەران دەستگیرنەکراوە، کە داواکاریی سەرەکیی کەسوکاری شەهیدانی ١٧ی شوباتە.

ئامانجەکانی ١٧ی شوبات؟

هەرچەندە لەو سەردەمەدا دۆخی دارایی خەڵک و مووچەی فەرمانبەران جێگیربوو، بەڵام خەڵک داوایان دەکرد مەودای ئازادیی ڕادەبڕین فراوانبکرێت و چیتر کەس بەو هۆیەوە سزا نەدرێت.

داواکارییەکەی دیکەشیان دوورخستنەوەی دەستی حزب بوو لە بازاڕ، داوایان دەکرد حزبەکان دەستهەڵبگرن لە قۆرخکردنی بازاڕ لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان و هەل بۆ هاوڵاتیان بڕەخسێنن.

دوای ١٧ی شوبات

ئەنجامەکانی پاش ١٧ی شوبات لەئاست چاوەڕوانیی خەڵکدا نەبوون، قۆرخکاریی حزب لە بازاڕدا زیاتربوو و زۆرینەی باڵەخانە و شوێنە بازرگانییەکان، بوون بە موڵکی کۆمپانیاکانی سەر بە دەسەڵات.

ئەمە سەرباری دروستکردنی قەیرانی دارایی بەناوی "ئابووریی سەربەخۆوە" کە سەرەنجام بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و مووچەی فەرمانبەران کەمکرایەوە بۆ زیاتر لە نیوە و سێ مانگ جارێک دابەش دەکرا.

هەلی کار بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبوویەوە، دامەزراندن ڕاگیرا و بە ئێستاشەوە دەیان هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان چاوەڕانی دامەزراندن یان دەستکەوتنی کارێک دەکەن.

سەرباری هەموو ئەوانەش، مەودای ئازادیی ڕادەربڕین زیاتر بەرتەسککرایەوە و خەڵک لەسەر پۆستی فەیسبووک دەستگیرکردەکرێت، خۆپیشاندان کرا بە مۆڵەت و دەسەڵات بەخواستی خۆی مۆڵەت بە خۆپیشاندان دەدات، ئەوە جگە لە تیرۆرکردنی دوو ڕۆژنامەنووس و دەستبەسەرکردن و سزادانی سەدان ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندنی دیکە.

داواکاریی خەڵک گۆڕا

دەسەڵات بەشێوەیەکی سیستماتیک ئامانج و داخوازی خەڵکی گۆڕی، خەڵکی برسیکرد، وایکرد خەڵک ئیتر بیر لە ئازادیی ڕادەربڕین و گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیی نەکاتەوە، بەڵکو "نان" و "مووچە" بوو بە داخوازیی هاوڵاتیان و لە کۆتایی ٢٠١٥-ەوە تا کۆتایی ٢٠١٨ خۆپیشاندان و ناڕەزایی مامۆستایان و فەرمانبەران، بەشێوەی بچڕ بچڕ و هەندیک جاریش بە بەردەوامیی بۆ ماوەی چەندین مانگ بەردەوام دەبوو، بەڵام جگە لە دابەشکردنی مووچەکانیان هیچ شتێکی دیکە نەبووە جێگای بایەخ و ئامانجی خۆپیشاندانەکانیان.

١٧ی شوباتێکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە؟

محەمەد ڕەئوف، ڕۆژنامەنووس بەراوردی دۆخی ئێستا و سەردەمی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات دەکات و دەڵێت: ئەوکاتەی خەڵک هاتە شەقام، نەوت، غاز، مووچە، پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیریی و خزمەتگوزاریی هەبوو، بەڵام ئێستاش ڕێک پێچەوانەبووەتەوە، هیچ یەکێک لەوانە نییە، ڕق و تووڕەیی خەڵک لەوکات زۆر زیاترە، بەڵام پێموایە خەڵک چاوەڕوانی هەلێکە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە و بە فۆرم و شێوازێکی دیکە، خۆپیشاندان بکاتەوە.

سەبارەت بە هۆکاری نەهاتنەدیی ئامانجەکانی ١٧ی شوباتیش، دەڵێت: یەکێک لە هۆکارەکان نەبوونی پشوودرێژیی خەڵکەکە بوو، لە هەمان کاتدا هەموو ئەو هێز و کەسانەی، کە پاڵپشتیی خۆپیشاندانەکانیان دەکرد بە کۆمەڵێک ئیمتیازات ڕادەستی دۆخەکە بوون و پشتیان لە ئامانجەکانی ١٧ی شوبات کرد.

ئێستا کە یادی ئەو سەرهەڵدانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، خەڵک لە عێراق زیاتر لە چوار مانگە لەسەر شەقامن دژی نایەکسانیی کۆمەڵایەتیی و گەندەڵیی و کەمیی خزمەتگوزاریی.

لەژێر فشاری خۆپیشاندەرانیشدا، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا و حکومەت چەندین هەنگاوی بە ئاڕاستەی چاکسازییدا هەڵنا، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە خەڵکە نازڕازییەکە قایل بکات بە کۆتاییهێنانی خۆپیشاندانەکان.

ئەگەرچی دۆخی هەرێمی کوردستانیش زۆر لە دۆخی عێراق باشتر نییە، بەڵام هێشتا ناڕەزایەتیی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان دەرنەچووە، هەرچۆنێک بێت کورد وتنەی "جام کە پڕبوو لێی دەڕژێت"، پرسیار ئەوەیە ئاخۆ جامی ناڕەزایەتیی هەرێمی کوردستان کەی لێی دەڕژێت؟

ش.ف