ئەنجامنامەی دووەمین کۆنگرەی گەلی کامپی مەخمور بڵاوکرایەوە، کە ماوەی حەوت ڕۆژی خایاند و تێیدا وێڕای دیاریکردنی هاوسەرۆکانی نوێی و هەڵبژاردنی دەستەکانیش، بڕیاریشدراوە بەردەوام لە چالاکیدابن بۆ “مسۆگەرکردنی ستاتۆی کوردستان و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان”.
ئەمڕۆ ئەنجامنامەی دووەمین کۆنگرەی ئەنجومەنی گەلی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی ڕاگەیەندرا، کە ڕۆژی حەوتی ئەم مانگە بە بەشداریی ٤٠٠ ئەندام دەستیپێکردووە و تا ئێوارەی دوێنێ ١٣ی ١ی ٢٠٢١ بەردەوامبووە.
ئەنجامنامەکە لەلایەن حاجی کاچان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کامپەکەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە: لە کۆنگرەکەدا گۆشەگیریی سەر ڕێبەرایەتی، پێشهاتە سیاسییەکان، دۆخی گەلی کورد، تێکۆشانی ئازادی، پیلانگێڕیی دوژمن و ئەرک و بەرپرسیارێتی لە بەرامبەردا بە درێژیی قسەوباسی لەسەر کرا، جگەلەوەش هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی دوو ساڵی رابردووی ئەنجومەنی گەل کرا لەبوارەکانی ئابووریی، ژن، کۆمەڵایەتیی، ژینگە، گەنجان، هونەریی، دیپلۆماسیی، پەروەردە و تەندروستی.
ئاماژە بەوەشکراوە: بەشداربووان و ئەندامانی کۆنگرەکە بەیەکڕیزیی و بەو ڕۆحییەتەوە پێشەنگایەتیی کۆنگرەکەیان کرد، کە ئەوەی کە ئێمەی پەنابەرانی باکووری کوردستان پەنابەری سیاسیین، بۆ ژیانێکی ئازاد دەستمان بە ڕێپێوانێکی درێژکردووە، هەتا ستاتۆی کوردستان و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر نەبێت، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان، خاوەنداریی لە ڕێبازی شەهیدەکانمان دەکەین.
لە کۆتایی ئەنجامنامەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: دووەمین کۆنگرەی گەل بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی پێویست چاوی بە پەیمانی کۆمەڵایەتییدا خشاندەوە، بڕیاری نوێ پەسەندکران، هاوسەرۆکانی نوێی ئەنجومەنی گەل، هاوسەرۆکانی دیوانی ئەنجومەنی گەل هەڵبژێردران و بۆهەر بەشێکیش دەستەی تایبەتمەند هەڵبژێردران.
ب.ل