شەممە, 30 يون 2018 – 16:05 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لەبارەی چەند چالاکییەکی گەریلاکان لە باکور و باشوری کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
هەپەگە ڕایگەیاندووە: لە هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی شەهید ئاگری و شەهید پیرۆزدا، گەریلاکانمان ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی حوزەیران لەدژی سوپای تورک چالاکییان ئەنجامدا، ڕۆژی ٢٨ی حوزەیران کاتژمێر ١٢:١٠ خولەکی شەو لەگردی لێلکانی سەر بە دەڤەری برادۆست چالاکییەک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا هەلیکۆپتەرێک کە سەرقاڵی داگرتنی سەربازەکان بوو لەسەر گردەکە کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا کشایەوە بەبێ ئەوەی بتوانێت سەربازەکان لەوێ دابنێت.
هەپەگە ڕاشیگەیاندووە: هەر ٢٨ی حوزەیران کاتژمێر ٠٩:٠٥ خولەکی شەو لەسەر ڕێگای وان بۆ جولەمێرگ، چالاکییەک لەدژی کاروانێکی سەربازیی سوپای تورک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا شەش سەرباز کوژران، ٢٩ی حوزەیرانیش کاتژمێر ٠٧:٤٠ خولەکی ئێوارە لە دەوروبەری گەڤەری سەر بە جولەمێرگ چالاکییەک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەشدا سەربازێک کوژرا و سەربازێکی دیکە برینداربوو.
هەپەگە باسی لە چالاکییەکی دیکەش کردووە، کە لە بازیدی سەربە ئاگری ئەنجامدراوە: ٢٥ی حوزەیران لە گوندی تورکمانی سەربە بازید، کەسێک بەناوی مەولود بەنگی لەلایەن هێزەکانمانەوە بەدیل گیرا، ئەو کەسە لە شەهیدکردنی چەند هەڤاڵێکماندا هاوکاریی سوپای تورکی کردووە، هێزەکانمان پاش ئەوەی دەستگیریان کرد لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرد و ناوبراویش دانی بە تاوانەکانی دا نا، ڕۆژی ٢٦ی حوزەیران ئەو کەسە سزادرا.
هەپەگە لەکۆتاییدا ڕایگەیاند: ڕۆژی ٢٧ی حوزەیران سوپای تورک لە ئۆپەراسیۆنێکی بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە دەمیرکاپیی سەربە دەڤەری هەلاج دەستپێکرد، هێزە داگیرکەرەکان بە تانک و تۆپ ناوچەکەیان تۆپباران کرد، هەر ئەو ڕۆژە گەریلاکانمان هەلیکۆپتەرێکی سوپای تورکیان کردە ئامانج، لەلایەکی دیکەوە یەکینەیەکی نهێنیی سوپای تورکیشیان کردە ئامانج، بەڵام ژمارەی کوژرا و بریندارەکانی دوژمن لەو چالاکییەدا نەزانرا.
ب.ل